نزیک بە 300 كۆڵبەری كورد لە سنووری حاجی ئۆمەران مانیان گرت

16:59 - 18 بانەمەڕ 2712
كوردپا: ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆڵبەرانی كوردستانی ئێران بە ئیعتراز بە زەخت و گوشارەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نزیك سنووری حاجی ئۆمەران مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 17‌ی بانەمەڕ نزیك بە 300 كەس لە كۆڵبەرانی كورد رێگای سەرەكیی پیرانشار حاجی ئۆمەرانیان گرت.

\"4450.jpg\"
یەكێك لەو كۆڵبەرانە بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، هۆكاری ئەو مانگرتنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لەلایەن فەرمانداری شاری پیرانشارەوە بە كۆڵبەران راگەیەنراوە كە لەمەوبەدوا بۆیان نیە هێندێ‌ كەلوپەلی وەكوو جلوبەرگ بگوازنەوە.

ئەو كۆڵبەرە وتیشی: كۆڵبەران تەنیا داهات و بژیوی ژیانیان لە رێگای گواستنەوەی ئەو كەلوپەلانەوە دابین دەكرێت و لە ئەگەری كۆڵبەری نەكردندا لە ژیانیان بە دژواری بەڕێوە دەچێت.
هاووڵاتییانی كوردی ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران بەهۆی بێدەرەتانی و بۆ بژێوی ژیانیان بە ناچاری روویان كردۆتە كۆڵبەریی سەرسنوور.

\"4451.jpg\"
كۆڵبەرانی كورد بە بەردەوامی لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەیان لێ‌ دەكرێ‌ و زۆر جار لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژی كردنەدا گیانیان لێ‌ دەستێنرێ‌.

بەپێی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سەرەتای ساڵی 1391وە هەتا ئێستا نزیك بە10 كۆڵبەری كورد بەهۆی سەرما و تەقینەوەی مین و هەروەها بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانیان لێ‌ ئەستێنراوە.