نرخی بلیتی فڕۆکە لە ئێران ٦٥% زیادی کرد

16:18 - 17 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: عەبدوڵڕەزا مووسەوی بەرپرسی ئەنجومەنی شێرکەتە فڕۆکەوانیییەکانی ئێران ، رایگەیاند: نرخی بلیتی فڕۆکە لەمەوبەدوا ٦٥% زیاد دەکات.

دوێنێ سێشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، عەبدوڵڕەزا مووسەوی بەرپرسی ئەنجومەنی شێرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ئێران رایگەیاندووە کە نرخی بلیتی فڕۆکە ٦٥% بەرز بوونەوە بە خۆیەوە دەبینێ و ئەم نرخە بەپێی مەودای نێوان شارەکان دیاری دەکرێت.

کارناسانی ئابووریی پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە بە سەرنجدان بە گران بوونی نرخی سووتەمەنی و دراوە بیانییەکان لەوانەیە بلیتی فڕۆکە بەرز بوونەوە بە خۆیەوە ببینێت.

\"9682.jpg\"
هەرچەند عەبدولڕەزا مووسەوی رایگەیاندبوو: کە بەپێی گران بوونی سووتەمەنی دەبوا نرخی بلیت ١٠٠% زیادی کردبایە، چونکە بە زیادکردنی ٦٥% زیانی شیرکەتەکانی فڕۆکەوانی قەرەبوو ناکەنەوە.

بەم پێیە نرخی بلیت لە ئیلامەوە بۆ تاران لە ١٢٠ هەزار تمەنەوە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تمەن بەرز بۆتەوە. مەودای نێوان ئیلام بۆ تاران لە رێگای خاکییەوە ١٣ کاتژمێر دەخایەنێت، بۆیە زۆربەی ئەو کەسانەی کە بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشی و کاری ئیداری سەردانی تاران دەکەن، ناچارن لە رێگای فڕۆکەوە هاتووچۆ بکەن و ئەمە بۆتە هۆی نیگەرانیی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە.

هەروەها نرخی بلیتی فڕۆکە لە کرماشانەوە بۆ تاران ٩٦ هەزار و چوار سەد تمەن و لە کرماشانەوە بۆ مەشهەد ١٨١هەزار و چوارسەد تمەن دیاری کراوە.