ناڕوونیی چارەنووسی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئێران، ناڕەزایەتیی چالاکانی تارواگەی لێکەوتەوە+وێنە

20:19 - 2 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: بۆ پشتگیری لە زیندانیانی سیاسی و هەروەها مەحکووم کردنی بڕیاری لەسێداردانی زیندانیانی سیاسیی کورد وناڕوونیی چارەنووسی ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی کوردی مەحکووم بەسێدارە لە وڵاتی ئێران، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، رێکەوتی ٢ی رەشەمە لە بەر درگای پارلمانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و رۆژنامەنووسیی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی مەحکووم کردنی بڕیاری لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسیی کورد لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، خۆپیشاندانێکیان رێکخست.

عەلی ئیسماعیل‌نەژاد، کە بەشداریی لەو خۆپێشندانەدا کردووە، لە لێدانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بەردەم پارلمان، لەلایەن چالاکانی کوردەوە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارەی نێو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە دەشڵێت؛ لەو خۆپیشدانەدا داوا لە پارلمانی هەرێمی کوردستان کرا، کە لە کەناڵە پەیوەندییە سیاسییەکانی خۆیەوە داوا لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بکات، کە حوکمی لەسێدارەدانی چالاکانی سیایسی کورد رابگرێت.

\"24916.jpg\"
ناڕەزایەتیی دەربڕینی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و رۆژنامەنووسیی کوردی لەهەمبەر ناڕوونیی چارەنووسی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئێران
ئیسماعیل‌نەژدا لە درێژەدا باسی لەوەش کرد؛ داخوازییەکی روون ئاراستەی پارلمانی هەرێمی کوردستان کرا و دوکتور فورسەت سۆفی و سەعید مەسیفی، بە نوینەرایەتی لە لیژنەی مافی مرۆڤی پارلمانی کوردستان داخوازییەکەیان وەرگرت و پشتیوانییان لە خواستی خۆپیشاندەران دەربڕی.

دەشڵێت؛ نوێنەرانی لیژنەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بەڵێنیی ئەوەیان بە خۆپیشاندەران دا، کە خواستی خۆپیشاندەران لەمەڕ هەڵوەشانەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد بگەیەننە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی و بەتایبەت دەزگای دادوەرییەکەی.

چالاکانی کورد لەژێر ناوی \"ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی ناروونی سامان نەسیم، عەلی و حەبیب ئەفشاری، سیروان نژاوی، ئیبراهیم عیساپوور و یوونس ئاقاییان\" ئەو خۆپیشاندانەیان وەڕێخستووە.

بەپێی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، پەیوەندی بە ژمارەیەک لە بنەماڵەی ئەو ٦ زیندانییە سیایسیە کوردەوە گرتووەو هەواڵی لەسێدارەدانی رۆڵەکانی پێ راگەیاندوون، بەڵام هەتا ئێستا بەڵگەیەکی بەرهەست(ملموس) بۆ لەسێدارەدرانی ئەو چالاکانە لەبەردەستدا نییە.

هەتاکاتی بڵاوبوونەویە ئەم هەواڵە، هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی و هەواڵدەرییەکی باوەڕپێکراوی حکوومەتی و سەربەخۆ، راستیی هەواڵ و دەنگۆکانیان لەمەڕ جێبەجێکرانی یان وەدواخستنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە کوردانە پشتڕاست نەکردۆتەوە.

\"24909.jpg\"

\"24909.jpg\"

\"24906.jpg\"

\"24910.jpg\"

\"24913.jpg\"

\"24911.jpg\"

\"24912.jpg\"