ناوەندێکی حکوومی دژایەتی بڕیاری ناوەندێکی دیکەی حکوومی بۆ پەروەردە بە زمانی زگماکی کرد+وتوێژ

 

ئاژانسی کوردپا: فەرهەنگستانی زمانی فارسی وێڕای دژایەتی کردن لەگەڵ پەروەردە بە زمانی زگماکی بۆ نەتەوەکانی ئیران، پەرچەکرداریشی بە قسەکانی یاریدەدەری حەسەن رۆحانی بۆ کاروباری کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان نیشان دا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی رابردوو ئەندامانی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ناوەندە حکوومییەکان دژایەتیی خۆیان لەگەڵ پەروەردە بە سەرجەم زمانەکانی غەیرە فارس دەربڕی.

ئەم بابەتە لە پەرچەکردار بە قسەکانی عەلی یوونسی، یاریدەدەری حەسەن رۆحانی، کە کۆتایی مانگی رابردوو باسی لە پەروەردە بە زمانی زگماکی لە پرۆژەی کاری دەوڵەتدا بە تایبەت پەروەردە و بارهێنانی ئوستانەکانی ئێران، دێتە ئاراوە.

یەکێک لە ئەندامانی فەرهەنگستان، پەروەردەی بە زمانی زگماکی بۆ \"ئەقوامی ئێران\" بە بابەتێکی \"یەکجار مەترسیدار\" وەسف کرد و رایگەیاند: \"ئەگەر دەوڵەت بیهەوێ خۆی لە پرسی زمانە ناوچەییەکان بدات، کاری ئێمە شین و گریانە\".

\"18092.jpg\"

 

رەهبەر مەحموودزادە: پەروەردەی بە زمانی نەتەوەکان بەتایبەت بە زمانی کوردی نەتەنیا هیچ هەڕەشەیەک نییە، بەڵکوو راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ یارمەتیی بە بەهێزبوونی زمانی فارسی دەکات و کاریگەریشی لەسەر دادەندێت

توێژەرێکی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە وتەی ئەندامانی فەرهەنگستانی زمانی فارسی، رایگەیاند: لە بنەڕەتدا ئەو ناوەندە لە روانگەی یاساییەوە مافی دەستێوەردانی لە کاروباری دەولەت و سیاسەتی پەروەردەدا نییەو پەروەردە بە زمانی زگماکی بۆ نەتەوەکانی دیکە لایەنی یاسایی هەیە.

بەپێی ئەسڵی ١٥ لە یاسای بنەڕەتیی ئێران، \"بەکارهێنانی زمانە خۆجێیی و کەمینە نەتەوەییەکان لە بڵاڤۆک و میدیا و خوێندنی ئەدەبیاتی خۆیان لە قوتابخانەکان، لە تەنیشت زمانی فارسیدا رێگەپێدراوە\".

رەهبەر مەحموودزادە باسی لە پاشهاتەکانی ئەو دژایەتییە کرد و گوتی\" ئەگەر وتەی ئەم کەسانە بکەینە پێوەر، دەبێ پێداچوونە بە یاسای بنەڕەتیدا بکرێت و بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەندامانی فەرهەنگستان، پەروەردەی بە زمانی نەتەوەکان بەتایبەت بە زمانی کوردی نەتەنیا هیچ هەڕەشەیەک نییە، بەڵکوو راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ یارمەتیی بە بەهێزبوونی زمانی فارسی دەکات و کاریگەریشی لەسەر دادەندێت.

هەواڵدەریی \"مهر\" رۆژی ٣٠ی بەفرانبار لە زاری راوێژكاری تایبەتیی حەسەن روحانییەوە رایگەیاندبوو، \" خوێندن بە زمانی دایک لە بەرنامەكانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانە و بڕیارە سیستمێک بۆ جێبەجێ‌كردنی ئەو بەرنامەیە داڕێژین\".

دژایەتی ئەندامانی فەرهەنگستانی زمانی فارسی لەگەڵ خوێندنی زمانی غەیری فارسی، لەگەڵ پەرچەكرداری چالاكانی فەرهەنگی ـ سیاسیی، نووسەران و رۆژنامەنووسانی كوردستانی ئێران بەروڕوو بۆتەوە و لەو پێوەندییەدا شاهید عەلەوی ئەندامی لەمێژینەی كانوونی سێنفی مامۆستایانی كوردستان لە لاپەڕەی فەرمیی خۆیدا نووسیویەتی: \"وتە و هەڵوێستەكانی ئەندامانی فەرهەنگسەرای زمان و ئەدەبی فارسی لەبارەی خوێندنی زمانە غەیرە فارسییەكان لەئێران، زۆر گاڵتەجاڕانەن\".

حەسەن روحانی لە بەیانیەی ژمارەی ٣ی خۆی كە بەر لە هەڵبژاردنەكان بڵاوی كردبۆویەوە، وڵاتی ئێرانی بە باخچەیەکی بۆن خۆش لە هەرێم، زمان، دین و مەزهەبە جۆراوجۆرەكان\" پێناسە كردبوو، و بەڵێنی ئەوەی دابوو، كە ئەگەر پۆستی سەركۆماری بەدەستەوە بگرێت، كۆتایی بە هەڵاواردن و نادادپەروەرییەكان دێنێت\".

\"18090.jpg\"

 

لەدانیشتنی رۆژی رابردوودا ژماریەک لە ئەندامانی فەرهەنگسەرای زمانی فارسی بۆ وێنە فەتحوڵڵا موجتەبایی پرسی خوێندن بە زمانی زكماگی نەتەوەكانی ئێرانی، بە \"هاوردە\" و \"پیلانی بریتانیا\" لەقەڵەم دابوو.

جێگای هەڵوێستە لەسەر كردنی كۆبوونەوەی وەزیری پەروەردەوبارهێنان لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی فەرهەنگسەرای زمان و ئەدەبی فارسی كە زۆربەی ئەندامەكان دژایەتیان لەگەڵ خوێندنی زكماگی دەربڕیوە، ئاماژەی بەرپرسی رێكخراوی توێژینەوە و پلان دارێژیی حكوومەتی ئێران بە دانانی كتێبی خوێندن بە زمانی فارسی، بۆ وڵاتانای ئەفغانستان و تاجیكستان بووە.

فەرهەنگسەرای زمان و ئەدەبی فارسی یەكێک لە رێكخراوە دەوڵەتییەكانە كە بەرپرسیاریەتییەكەی لە ئەستۆی \"غوڵامعەلی حەداد\"‌ە.