مەهاباد/ عومەر قازی هەڕەشەی زەوتکردنی موڵک و سامانەکەی لێکراوە

15:39 - 25 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەهاباد بەهاوکاری ژمارەیەک ئۆرگانی دەوڵەتی، هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرەی عومەر قازی کەسایەتیی سیاسیی دیاری ئەو شارەیان کردووە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری مەهاباد، عومەر قازی تەمەن ٨٠ ساڵ کە بەشێک لە جەستەشی لەکار کەوتووە، لە لایەن \" بونیادی موستەزعەفینەوە\" و لەسەر بڕیاری دەزگای قەزایی مەهاباد پێی راگەیەندراوە کە دەبێ‌خانووەکەی چۆڵ بکات و رادەستی ئەو دامەزراوە حکوومەتییەی بکات.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری یەکێک لە بنەماڵەی عومەر قازییەوە رایگەیاند، ئەو بینایە بە زیاتر لە دوو ملیارد تمەن خەمڵێندراوە، کە چی بونیادی موستەزعەفین ئەو بینایەکی بە کەسێکی ئازەری بە ١٢٠ ملیۆن تمەن فرۆشتووە.

کاک عومەر پێشتر لەریزی هێزە سیاسییەکاندا بووە و لە ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوییدا لەناوچەکانی کوردستان دەستبەسەر و بۆ ماوەی شەش ساڵ لەزیندانی ورمێدا راگیراوە.

\"24775.jpg\"
عومەر قازی پێشتر لەریزی هێزە سیاسییەکان(حیزبی دێمۆکرات)‌دا بووە
یەکێک لە هاوبەندییەکانی عومەر قازی بەناوی \" س. ع \" لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا باسی لەوە کردبوو، هەر کاتێک کە کاک عومەر مەلاقاتی دەهات، پاش روێشتنەوەیان هێزەکانی ناو زیندانی ورمێ‌دەیانبرد و هەتا سەرە مەرگ لێیان دەدا.

ئەو هاووڵاتییە ئاشکراشی کردووە، ئەو تێکۆشەرە سیاسییە لەنێو زیندان تووشی جەڵتە بوو و هەروەها بە هۆی ئەشکەنجەی لەرادەبەدەرەوە نەخۆشی دەروونیش رووی تێکردبوو.

عومەر قازی دوای ئازاد بوونی لەزیندان جارێکی دیکە بە هۆی نەخۆشی ساڵی ١٣٧٥ رێگەی وڵاتی سویدی گرتبوویە بەر و دواتر بە هۆی کۆچی دوایی مینا خانمی هاوسەری جارێکی دیکە گەڕابوویەوە شاری مەهاباد.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی عومەر قازی لەدرێژەی لێداونەکی بۆ هەواڵنێری کوردپا وتوویەتی: هەر ئەو کات و دوای گەڕانەوەی کاک عومەر ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران بانگهێشتی دەکەن و لە بری هاوکاری کردنیان بەڵێنی ئەوەی پێدەدەن کە سەرجەم موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانی بۆ دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو تێکۆشەرە سیاسییە رەتی دەکاتەوە و قبووڵی ناکات.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە روونیشی کردۆتەوە، بەرپرسی بونیادی موستەزعەفین کەسێکی بەناوی \" ئیبراهیمی \" ناردۆتە لای عومەر قازی و پێی وتووە ئەگەر ئامادە بێت بڕە پارەیەک وەکوو بەرتیل بەو بەرپرسە بدات ئەوە واز لە زەوتکردنی خانووەکەی دێنن.

سەرچاوەکە وتیشی: دوای ئەوەی کاک عومەر ئامادە نەبووە بچێتە ژێر ئەو داواکارییەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێکراوە و پێی راگەیەندراوە دەبێ‌بەزووترین کات ئەو بینایە کە ماوەیەک دەست و پێوەندییەکانی سوپای پاسدارنی لێ‌نیشتەجێ‌کرابوو، چۆڵ بکات.

بەپێی دوایین زانیارییەکان بڕیارە هاووڵاتیانی شاری مەهاباد بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی عومەر قازی و رێزگرتن لەو کەسایەتییە لەبەردەم ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی لەشاری مەهاباد خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.