مەئمووریەتیی ئەحمەد شەهید لەئێران درێژ کرایەوە

16:09 - 9 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکاری نەکردنی ئێران لەگەڵ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، بووە هۆی درێژ کردنەوەی ماوەی مەئمووریەتیی رێپورتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێرانی، لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٨‌ی خاکەلێوە، ئەندامانی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەژنێڤ، بڕیارنامەیەکیان پەسند کرد و تێیدا مەئمووریەتیی ئەحمەد شەهید هەتا مانگی مارسی ٢٠١٥(رەشەممەی ٩٣) درێژ کرایەوە.

\"19086.jpg\"
ئەحمەد شەهید لەپاییزی ئەمساڵدا (١٣٩٣) راپۆرتێکی نوێ‌سەبارەت بە پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لەئێران، بڵاو دەکاتەوە
ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی چوارەمین ساڵە، کە راپۆرتی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، لە ئەستۆی ئەحمەد شەهیدە.

هەڵبژاردنەوەی رێپۆرتێری تایبەت بەمافی مرۆڤ لەئێران، بە ٢٩ دەنگی ئەرێ‌، ٩ دەنگی نا و ١٦ دەنگی \"بێ‌لایەن\" پەسند کراوەتەوە.

هیند، ئەندۆنێزی، پاکستان، رووسیە، ڤیەتنام، چین و کوبا لەو وڵاتانە بوون کە دەنگی \"نا\"‌یان بە بڕیارنامەکە داوەو وڵاتانی ئەرژانتین، ئۆتریش، برێزیل، شیلی، کاستاریکا، کۆماری چێک، ئەستۆنی، فەڕانسە، ئاڵمان، ئیرلەند، ئیتالیا، ژاپۆن، مکزیک، هولەند، پێڕو، کۆریا، رۆمانی، بریتانیا و ئەمریکا دەنگی \"بەڵێ‌\"‌یان بە بڕیارنامەکە داوە.

دەنگی ئەمریکا لەراپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ئەو نوێنەرانەی کە دەنگیان بە نوێ‌کردنەوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید داوە، گوتوویانە، هیچ گۆرانکارییەک لە لێداوان و هەڵسوکەوتەکانی لێپرسراوانی حکوومەتی ئێراندا سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ لەو وڵاتی ئێراندا بەدی نەکردووە.

لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا، دیپلۆماتکار، کەسایەتیی و ناوەندە ناحکوومیەکانی سەر بە \"حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" لە هەوڵی ئەوەدا بوون، کە پێش بە نوێ‌کردنەوەی ئەرکە پێ‌سپێردراوەکەی ئەحمەد شەهید بگرن و لەو پێوەندییەدا فشارەکانیان بۆ ئارژانتین، بڕێزیل و وڵاتانی ئافریقایی زیاد کردبوو.

لایەنگرانی مافی مرۆڤ بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی ئەحمەد شەهید خۆشحاڵیان دەربڕیوە و هاوکاتیش نوێ‌کردنەوەی مەئمووریەتیی ئەو رێپورتێرەیان بە نیشانەی \" بەردەوامی پێشێڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە\" لەقەڵەم داوە و هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە حەسەن روحانیش نەیتوانیوە لەو بارەیەوە کارێک ئەنجام بدات.

ناوەندی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، کە لەژێر چاوەدێری \"شیرین عێبادی\"‌دا کار دەکەن، گوتوویانە هۆکاری نوێ‌کردنەوەی ئەو مەئمووریەتە هاوکاری نەکردنی حکوومەتی ئێران لەگەڵ ناوەندەکانی مافی مرۆڤە.

لەساڵی ٢٠٠٥وە هەتا ئێستا هیچ نوێنەرێکی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە سەردانی ئێران بکات و بەپێی ئامارە فەرمیەیکان، لەسەرەتای دەست بەکار بوونی ئەمحەد شەهید لەساڵی ٢٠١١وە هەتا ئێستا، هەزار و ٥٣٩ کەس لەئێران لەسێدارە دراون.

بێجگە لە راپۆرتی ئەحمەدشەهید، کە لە ٢٢‌ی رەشەمەی ساڵی رابردوودا بڵاو بوویەوە، بان‌کی مون لێپرسراوی گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش راپۆرتی لەپێشێڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لەئێراندا بڵاو کردەوە و رایگەیاند: دۆخی کەمینەکانی ئێران بەرەو باشتر بوون نەڕوێشتووە.

ئەحمەد شەهیدیش لەپاییزی ئەمساڵدا (١٣٩٣) راپۆرتێکی نوێ‌سەبارەت بە پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لەئێران، بڵاو دەکاتەوە.

بەر لەئەحمەد شەهید، \"ئاندێرس گویلار\"، \"رینالدۆ گالیندۆپێل\" و \"مۆریس کۆرپیتۆن\" وەکوو رێپورتێری تایبەت بۆکاروباری ئێران چالاکیان هەبووە.

بۆ یەکەمین جار دوای شۆڕشی گەڵانی ئێران، لەساڵی ١٩٨٤دا رێپورتێر بۆ ئێران دیاری کراوە.