مەرگی لاوێک بە تەقەی راستەوخۆی چەکی هێزە نیزامییەکان لەبەلووچێستان

14:59 - 8 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی کوشتاری هاووڵاتیانی بەلووچ لەبەلوچێستانی ئێران، لاوێکی دیکەی بەلووچ بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی بەلووچ بە ناوی سەیفوڵڵا سوڵتانپوور لەشاری چابەهار لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دراوەتە بەر دەسترێژی گوللە.

دەوترێت پاش ئەوەی کە هێزە ئینتزامییەکان لەفەلەکەی \"شیلات\"ی چابەهار لێی بە گومان دەبەن وەدوای دەکەون و پاش راوەدوونانی لە فەلەکەی \"تیس\"ی ئەو شارە کراوەتە ئامانجی گوللە.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەوبارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو لاوە کوردە بەر لەوێ بگەینرێتە نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست دابوو.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو لەماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٤ هاووڵاتی بەلووچ بە گومانی هەلگرتنی کاڵای قاچاخ لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە کوژراو بریندار بوون کە ٤ کەسیان ژن و منداڵ بوون.

لەلایەکی دیکەوە تەنیا لە ساڵی ١٣٩٣دا، ٢٢ حاڵەتی رووداوی تەقەکردن و دەستڕێژی کردن بۆ سەر هاووڵاتیانی بەلووچ رووی داوە کە کوژرانی ١٥ هاووڵاتیی بەلووچ و برینداربوونی ٧ی دیکەی لێکەوتووەتەوە.