مەرگی زیندانییەكی ٢٣ ساڵەی بەلووچ بە هۆی ئەشكەنجەی لە رادەبەدەر

15:23 - 12 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: لەزیندانی ناوەندیی زاهیدان، چالاكێكی سیاسیی بەلووچ بەهۆی \"ئەشكەنجە لە زیندانی تاكەكەسی\"‌دا گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كۆتاییەكانی حەفتەی رابردوو زیندانییەكی بەلووچ بەناوی \"هەمزە نارووئی\"، كە ماوەی چوار مانگ بوو لە زیندانی تاكەكەسیدا راگیرابوو، گیانی لەدەست دا.

ئەو زیندانییە سیاسییە تەمەن ٢٣ ساڵەیە، سەرەڕای بێبەری بوون لە چاوپێكەوتن و پێوەندیی گرتن لەگەڵ بنەماڵەكەی، لەدۆخێكی زۆر خراپدا لە گرتووخانەی زاهیدان راگیرابوو.

چالاكانی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی لەئێران، هۆكاری مەرگی ئەو هاووڵاتییە بەلووچەیان بە هۆی\" ئەشكەنجەی لە رادەبەدەر لەژووری تاكەكەسی زاهیدان\" لەسەر بڕیاری \"سرگوڵ‌زای\" جێگری دادستانی ئوستانی سیستان و بەلووچێستان راگەیاندووە.

هەتا ئێستا هیچ ناوەندێكی حكوومەتی مەرگی ئەو زیندانییە سیاسییە و هەروەها هۆكارەكەیان رانەگەیاندووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، پێشتریش عەلی نارووئی(برای هەمزە نارووئی) لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە هۆی چالاكی سیاسی، كوژرابوو.

هەمزە نارووئی ماوەی ٧ مانگ لەمەوبەر لەشاری زاهیدان بەهۆی ئەنجامدانی چالاكی سیاسی دەستبەسەر و ماوەی سێ‌مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهیدان لەژێر ئەشەكەنجەدا بووە.

\"عەداڵەت نیوز\" ماڵپەڕی سەر بە رێكخراوی \"جیش العدل\" رێژەی زیندانییانی سیاسی ـ عەقیدەتیی بەلووچی لەئێران، ١٢٠ كەس راگەیاندووەو داوای لەناوەندەكانی مافی مرۆڤ كردووە، كە لەمەڕ پێشێڵكردنی مافی بەلووچەكان و هەروەها زیندانییانی سیاسی و دەستبەسەركردنە سەرەڕۆکان و بە بارمتەر گرتنی بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی لە سیستان و بەلووچێستان، بێنە دەنگ.