مەجید حەقی: لانیكەم ١٠ كورد پاڵێوراوی هەڵبژاردنەكانی \"پارڵمانی ئورووپا\"‌ن

16:21 - 30 بانەمەڕ 2714

 

ئاژانسی كوردپا: لە بەرەبەری هەڵبژاردنەكانی پارڵمانی ئورووپا، كوردەكانی دانیشتووی ٢٨ وڵاتی جیهان خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە چارەنووس سازە و رۆڵ بینین لە سیاسەتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكاندا، ئامادە دەكەن.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هەڵبژاردنەكانی پارڵمانی ئورووپا بۆ ماوەی چوار رۆژ ( ١ هەتا ٤‌ی جۆزەردان) بۆ بەدەستهێنانی ٧٥١ كورسی دەست پێدەكات.

لەو هەڵبژاردنەدا چارەنووسی ٥٠٠ میلیۆن كەس لە هەڵبژاردنەكاندا یەكلایی دەكرێتەوە.

ئەو هەڵبژاردنە، کە هەر پێنج ساڵ جارێك بەڕێوە دەچێت و بە حوكمی ئەوەی كە پارڵمانی ئورووپا تەنیا دامەزراوەی یەكیەتیی ئورووپایە و نوێنەرەكانی راستەوخۆ بە دەنگی خەڵكی دیاری دەكرێ‌، ركابەرییەكی زۆر جیددی لەنێوان بەرە و رەوتە جۆراوجۆرەكاندا لەئارادا دەبێت.

لەماوەی یەك دەیەی رابردوودا، رێژەی كۆچبەرانی بیانی بۆ وڵاتانی ئورووپایی رووی لەزیاد بوون كردووە و بەپێی ئامارەكان، زیاتر لە ١٧٠ میلیۆن پەنابەر دانیشتووی ئورووپان و دوو میلیۆن كەس لەو رێژەیە كوردەكانن كە بە دەیان هەزار كەس مافی خۆپاڵاوتن و دەنگدانیان لەهەڵبژاردنەكاندا هەیە.

\"20065.jpg\"

 

مەجید حەقی ئەندامی بەڕێوەبەریی CAPK

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بەمەبەستی ئاگادار بوونی زیاتر هاووڵاتیان و بەردەنگان لەمەڕ دۆخی كوردە پەنابەرەکانی هەر چوار بەشی كوردستان و تێڕوانینی ئەوان بۆ هەڵبژاردنەكان، وتووێژێكی لەگەڵ مەجید حەقی ئەندامی بەڕێوەبەریی كۆمەڵگەی ئاشتی و پەرەسەندنی كوردستان پێكهێناوە.

مەجید حەقی سەرەتا لە وڵامی ئەو پرسیارەدا كە پارڵمان لە یەكیەتیی ئورووپادا چ رۆڵ و كاركردێكی لە دیاریكردنی سیاسەتی دەرەكییدا هەیە؟ رایگەیاند: لەساڵی ٢٠٠٧وە و دوای واژۆ كردنی رێكەوتنامەی \"لیسبۆن\" دەسەڵاتی پارڵمانی ئورووپا بەربڵاو و زیاتر بووە و فراكسیۆنەكانی ناو پارڵمانیش بەپێی دامەزراوە سیاسییەكان نە \"كەمینە نەتەوە\" لایەنی زۆرینەی پارڵمان بەدەست دێنن و سیاسەتە دەرەكییەكانی یەكیەتیی ئورووپاش لەژێر كاریگەری و كارتێكەری ئەو بەرەی زۆرینەدا دەبێت.

حەقی كێشە و دڵەڕاوكیەی سەرەكیی كوردەكان بۆ كێشەی \" رەگەز پەرەستی(راسیسم)\"، گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی رادیكاڵ دەگەڕێنێتەوە گوتیشی: كۆمەڵگەی كوردی دانیشتووی ئورووپا لەگەڵ كێشەی فەرهەنگی و خۆرێكخستن و خۆگەنجاندنی لەگەڵ وردە كولتوورەكانیش بەرەوڕوویە.

\"20067.jpg\"

كۆمەڵگەی ئاشتی و پەرەسەندنی كوردستان،كوردەكان بۆ بەشداریكردنی چالاكانە لەژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی ئورووپا هاندە‌دات

ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەریی كۆمەڵگەی ئاشتی و پەرەسەندنی كوردستان لە درێژەی لێدوانەكەیدا باسی لە خۆپاڵاوتنی ١٠ كورد بۆ ئەندامی پارڵمانی یەكیەتی ئورووپا كرد و گوتیشی: بەشێكی بەرچاو لەو كوردانە لایەنگری لە سیستەمی سوسیال دێمۆكرات، سەوز و لایەنگری ژینگەپارێز و كۆمۆنیست دەكەن و ئەو كەسانەن لەوڵاتانی ئاڵمان و سوید ژیان بەسەر دەبەن.

مەجید حەقی ئاشكراشی كرد، رێكخراوی ناحكوومیی CAPK بەردەوام هاندەری كوردەكان بۆ بەشداریكردنی چالاكانە لەژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی ئورووپا و بەشداریكردنیان لەبڕیارە چارەنووس‌ساز و دێمۆكراتیكەكان بووە و بەرەوپێش چوونی كۆمەڵگە كوردی و پەرەپێدانی بە فەرهەنگی دێمۆكراسی، ئاشتی و هاوسەنگی سیاسی ـ كۆمەڵایەتی دەتوانێ‌یارمەتیدەری بەرەپێشچوونی پرسی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان بێت.