مەجلیس دەنگی متمانەی بە چوارەمین وەزیری پێشنیاری زانست نەدا

17:53 - 27 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: چوارەمین وەزیری پێشنیاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومید بۆ پۆستی وەزارەتی زانست و توێژینەوە لەلایەن مەجلیسی ئیسلامییەوە دەنگی متمانەی پێ‌نەبەخشرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەدانیشتنی ئەمڕۆ سێ‌شەممەدا، فەخرەدین ئەحمەدی دانش ئاشتیانی بە ١٧١ دەنگی \"نا\" و ٧٠ دەنگی \"بەڵێ‌\" و ١٦ دەنگی بێ‌لایەن لەكابینەی دەوڵەتی یازدەیەم بە جێ‌ما.

حەسەن رووحانی بەر لە دەنگدانەكە وتوویەتی: هێندێ‌لەراگەیەنەكان وشەی سەرەڕۆ و سەختگیرییان بۆ سەركۆمار و مەجلیس بەكارهێناوە و بە باوەڕی من ئەوە دەستەواژەیەكی باش بۆ مەجلیس و دەوڵەت نیە.

لە دانیشتنی كراوەی ئەمڕۆی مەجلیسدا، وەزیری پێشنیاركراوی زانستیش نزیك بە نیو كاتژمێر قسەی كردووە و خۆی وەكوو یەكێك لەدامەزرێنەرانی \"حیزبی موشارەكەت\" بەدوور گرتووە.

\"23213.jpg\"
وەزیری پێشنیاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومید بۆ پۆستی وەزارەتی زانست دەنگی متمانەی پێ‌نەبەخشرا
دانش ئاشتیانی دەرچووی رشتەی ئەندازیاری مێعمارییە و لەبواری ئەندازیاری بوومەلەرزەش لە زانكۆی لەندەن بڕوانامەی بەدەستهێناوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیسنا، قاسم جەعفەری وتەبێژی كۆمیسیۆنی پەروەردە لەمەجلیس وێڕای دەربڕینی دژایەتی لەگەڵ چوارەمین وەزیری پێشنیار كراو وتوویەتی: سەرجەم ئەو وەزیرانە سەر بە گرووپە رێفۆرمخوازەكانن.

عەلی موتەهێری كەلەگەڵ دانش ئاشتیانی هاوئاهەنگ بووە باسی لەوە كردووە، تەنیا نیگەرانییەك كە لەسەر رێفۆرمخوازەكان هەیە ئەوەیە كە لە روانگەی هەڵكردنەوە دەڕواننە پرسە فەرهەنگییەكان.

جەعفەر میلی مونفرێد، جەعفەر تەوفیقی و رەزا فەرەجی دانا لە وەزیرە پێشنیاركراوەكانی پێشوو بۆ پۆستی وەزارەتی زانست بوون كە لەلایەن مەجلیسەوە دەنگیان پێ‌نەدرابوو.

دەوترێت فەخرەدین ئەحمەدی دانش بەشێك لەتەمەنی خۆی بۆ كارە ئەمنیەتییەكان و كار لە سپای پاسداران، جێگریی كاروباری وەزارەتی فەرهەنگ و هاوكاریی لەگەڵ قەرارگای خاتەمولئەنبیا تەرخان كردووە.