مەجلیسی ئەمریکا چاوەدێریی زیاتر بەسەر بەرجام‌دا دەکات

14:42 - 24 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گەڵاڵەیەکی پەسند کردووە کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، زیاتر بەسەر بەرجام‌دا چاوەدێری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆنگرەی ئەمریکا یاسایەکی پەسند کرد کە بەپێی ئەو یاسایە، باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا ناتوانێت بەئاسانی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لابەرێت و بەربەست بۆ ئۆباما دروست دەکات.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، ئەو کەس و دامەزراوانەی کە هاوکاریی بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکان و هەوڵە تیرۆریستییەکان دەکەن، گەمارۆی ئابوورییان لەسەر لانابردرێت.

هەواڵدەریی \"ڕۆیتێرز\" بڵاوی کردەوە، یاسای هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، لە کۆنگرەدا بە ١٩٢ دەنگی ئەرێنی لەبەرانبەر ١٠٦ دەنگی نەرێنی‌دا، پەسند کرا.

ئەو یاسایە لە کاتێکدا پەسند دەکرێت کە پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو؛ ئەگەر وەها یاسایەک پەسند بکرێت وێتۆی دەکات.

لەو دەنگدانەدا، نوێنەرانی کۆماریخوازی ئەمریکا، سەرجەم دەنگی ئەرێنیان بەو یاسایە دا، کە لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکادا زۆرینەن.

وتووێژی ناوکیی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ماوەی ١٢ ساڵە درێژەی هەیە، بەڵام تا ئێستا ئەو پەروەندەیە دانەخراوە و دانووستانە ناوکییەکان درێژەی هەیە.

هاوێنی ئەمساڵ لە نێوان گرووپی ٥+١ و ئێراندا ڕێککەوتنێک بە ناوی بەرجام واژۆ کرا و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئێران لە بنکە ناوکییەکانی خۆیدا سانتریفیوژەکان کەم دەکاتەوە و لە بەرانبەردا، ڕۆژئاوا هەندێک گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران لا دەبات.

حکوومەتی ئێران بەردەوام باس لە ئاشتیخوازبوونی بەرنامەی ناوکیی خۆی دەکات، بەڵام تا ئێستا ئەو قسەیەی خۆی نەسەلماندووە و بەردەوام سەرقاڵی تاقیکردنەوەی مووشکی دوورهاوێژە کە پێشێل‏کردنی ڕاستەوخۆی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە کاتی ئەو ڕێککەوتنەوە تا ئێستا، هیچ خاڵێکی ئەو ڕێککەوتنامەیە بە ڕوونی جێبەجێ نەکراوە و ڕۆژئاوا دەڵێت بەرنامەی ناوکیی ئێران نیزامییە.