مەجلیسی ئێران ئیدی کاری بە بژێوی فه‌رمانبه‌رانی په‌روه‌رده‌وه‌ نیە

20:18 - 18 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: بەبیانووی تەرخان نەکردنی بوودجە، \" کۆمیتەی پێڕاگەیشتن بە بژێوی فه‌رمانبه‌رانی په‌روه‌رده‌\" لە مەجلیسی ئیسلامی ئێران داخرا.

بەپێی ئه‌و ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەو کۆمیتەیەی کە لە کۆمیسیۆنی توێژینەوەی مەجلیسی بەرپرسی پێڕاگەیشتن بە دۆخی بژێوی ژیانی فه‌رمانبه‌رانی په‌روه‌رده‌ی وڵات بوو، بە بێ گەیشتن بە هیچ ئاکامێک ، بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە ، هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ نەبوونی بوودجە بە مەبەستی پێدانی مووچە دوواکەوتووەکانی فه‌رمانبه‌رانی په‌روه‌رده‌ی وڵات لەلایەن ڕێکخراوی کارگێڕی و پلاندارێژییەوە، گەڕاندەوە.

زۆریه‌ک لە چالاکانی مەدەنی لەسەر ئەو بڕوایەن کە دۆخی چالاکانی بواری په‌روه‌رده‌ لە کابینەی حەسەن ڕووحانیدا سەرەڕای بەڵێنییەکانی ناوبراو لە هەڵبژاردندا، خراپتر و نالەبارتر بووە.

جەبار کووچیزادە بە هەواڵدەریی مێهری ڕاگەیاندووە کە دانیشتنەکانی ئەو کۆمیتەیە لەگەڵ ڕێکخراوی کارگێڕی و پلانداڕێژی بێ ئاکام بووە.
ئەو ئەندامەی مەجلیسی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیتە ٦ کەسییە ئاماده‌ نەبوون لە دانیشتنەکاندا بەشداری بکەن.

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا توێژی په‌روه‌رده‌ و مامۆستایانی ئێران چەندین جار له‌هه‌مبه‌ر نالەباربوونی دۆخی بژێوی ژیانی خۆیان دەستیان دایە مانگرتن، بەڵام هەتا ئێستا دۆخی ئەوان بەرەو باشتربوون نەڕۆیشتووە.