٧ میلیۆن کرێکار مووچەکەیان کەمترە لە لانیکەمی حەقدەست

17:05 - 18 بانەمەڕ 2716
کوردپا: لانیکەمی حەقدەستی دیاری کراوی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٥، نزیک بە ٨١٢ هەزار تمەنە، کە لەچاو هێڵی هەژاریی دیاری کراوی ئەو وڵاتە لە لایەن کارناسانی ئابوورییەوە، زۆر کەمە.

بەپێی هەواڵەکان، هادی ئەبەوی بەرپرسی کانوونی ئەنجومەنە سینفییەکانی کرێکاران، ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕ بە ناوەندی هەواڵدەریی \"تسنیم\"ی ڕاگەیاندووە کە؛ \"ڕەچاو نەکردنی یاسای کار و چاوەدێری نەکردن بەسەر کارگەکاندا، بوونەتە هۆی پەرەسەندنی پیشەی نافەرمی بە بێ دابین کردنی کۆمەڵایەتی و بە حەقدەستی کەمەوە\". ناوبراو ئەوەشی زیاد کردووە کە لە ڕوانگەی کانوونی ئەنجومەنە سینفییەکانەوە ئەم کرێکارانە لە ژێر هێڵی ژیاندا دەژین.

ئەم بەرپرسەی کانوونی ئەنجومەنە سینفییەکانی کرێکاران، باس لەوە دەکات کە؛ هیچ ئاییننامەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ کاری کرێکاراندا نەنووسراوە، هەتا چاوەڕوان بین هەیئەتی وەزیران پەسەندی بکەن و بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

شایانی باسە بەپێی مادەی ٧ی یاسای کار، لەو کارانەدا کە \"ناوەرۆکی هەمیشەیی و بەردەوامیان\" هەیە، پێویستە گرێبەستی هەمیشەییان بۆ بکرێت و تێبینیی ژمارە ٢ی ئەم خاڵە، دەوڵەت ئەرکدار دەکات بۆ ئەوەی کارە هەمیشەیی و کاتییەکان بەپێی ئاییننامە لێک جودا بکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی داتەپینی ئابووری لە ئێران، زۆربەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان بە کەمتر لە نیوەی دەفرایەتیی خۆیان کار دەکەن و کرێکارانی ئەو یەکە بەرهەمهێنەرانەش، یان لەسەر کارەکەیان دەرکراون و یان بە حەقدەستی کەمترەوە درێژە بە کارەکانیان دەدەن، کە بەو حاڵەشەوە لەگەڵ دواکەوتنی دانی مووچەکانیان بۆ چەندنین مانگ لە لایەن خاوەنکارانەوە بەرەوڕوون.