میدیا و راگەیاندنەكانیش لە خزمەت بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتداران دان

14:17 - 13 سەرماوەز 2711
وتووێژی تایبەتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەگەڵ فەریبا محەممەدی، چالاكی سیاسی

تەوەری وتووێژ: توندوتیژی بەدژی ژنان
بیۆگرافی:
فەریبا محەمەدی
لە دایكبووی ساڵی 1354 لە شاری سنە.
ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و بەرپرسی کاناڵی تەلەفیزیۆنیی ئاسۆسات لە كوردستان

كوردپا: لە زۆربەی تیۆرییەكانی توندوتیژیدا، پیاوان وەكوو هۆكاری سەرەكیی توندوتیژی بەدژی ژنان لە قەلەَەم دەدرێن، بەڵام لە ناوەرۆكی ئەم پرسەدا دەبێ بزانین كە چ هۆكارگەلێك كرداری توندوتیژی لەلای پیاوان دەچەسپێنێ هەتا لە ئەنجامدانی توندوتیژی بەدژی ژنان سەربەستانەتر بجووڵنەوە، بەگشتی ئەم تیۆریە بە چ لەونێ فۆرم دەگرێت و ئاخۆ دەكرێت بۆ تەواوی ئەو هۆكارانە پیاوان بە تاوانبار بزانین؟

ف.محەممەدی: توندوتیژی هەروەك خوتان ئاماژەتان پێكردووە تەنیا تایبەت بە وڵاتێك یان ناوچەیەك نیە بە گشتی لە ئاستی جیهاندا توندوتیژی بەتایبەت دژی ژنان بوونی هەیە. لە كۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەكان و بەتایبەت ئەو كۆمەڵگایانەی كە هێشتا ئایین و كولتوور دەوری سەرەكی دەگێڕن لە هەموو پێوەندییەكانی مرۆڤدا، توندوتیژی بە شێوەیەكی بەرچاو هەیە، كە ئەمەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە درێژایی هەزاران ساڵ ژن وەك بوونەوەرێكی لاواز و بێ دەسەڵات ژیاوە و هەر ئەمەش وای كردووە كەلە مەترسیی توندوتیژیدا بێت. پیاوانیش بەهۆی ئەوەی هەمیشە خاوەن دەسەڵات و هێز بوون و چ لەنێو ماڵ و چ لە دەرەوە هەموو هێز و دەسەڵاتێكیان هەبووە، هەروەها ئایینیش ئەم هێز و دەسەڵاتەی زیاتر پتەو كردۆەتەوە بۆیان، جۆرێك كولتوور پێكهاتووە كە بە ئاسانی ناتوانین لە كۆمەڵگا لای ببەین. ئەویش كولتوور و فەرهەنگی پیاو سالارییە كە ژن بە لاواز و كەم هێز چاو لێدەكات و بەردەوام پێ خۆشە كە ژن لە خزمەت بەرژەوەندیەكانی ئەودا بێت، هەر ئەمە وا دەكات كەلە كۆمەڵگا توندوتیژی بەرهەم بێت و ژن ببێ بە قوربانی. ناكرێت بڵێین تاوانباری سەرەكی پیاوانن، چونكە ئەوان بۆ خۆشیان پەروەردەی وەها كولتوور و فەرهەنگێكن كە رەنگە پێیان خۆش نەبێت، بەڵام ئەم شێوازە لە پەروەردە و نەریت وامان لێدەكات كە توندوتیژی بە بەردەوامی دووپات بكەینەوە. پیاو هەمیشە خاوەن هێز و دەسەڵات بووە و ژن لاواز و بێ دەسەڵات كە بێ دەسەڵاتی ژنان خۆی هۆكارێكە بۆ ئەوەی پێگەیەكی لاوازییان هەبێت و بەرامبەریان توندوتیژی بەكار بێت. هەر بۆیە پەروەردەی سەقەت و سیستمی دواكەوتوو وا دەكات كە هەم ژن و هەم پیاویش ببنە قوربانی.

كوردپا: ئێمە هەر رۆژە دەبینین دام و دەزگا و ناوەندە حكوومەتییەكان لەسەر شەقامەكان - بە بیانووی بێ حیجابی - لەژێر ناوی گەڵاڵەگەلێكی وەكوو: حیجاب و عیفاف، جێبەجێ دەكرێن، ئاخۆ جۆری رەفتاری ئەو دامەزراوە حكوومەتیانە لەناو كۆمەڵگا، خۆی جۆرێك لە دیسان سەرهەڵدانەوە و پەرەسەندنی توندوتیژی بەدژی ژنان نیە؟

ف. محەممەدی: سیستمی دەسەڵاتدارێتی و یاسا دەوری گرینگیان هەیە لە هەر كۆمەڵگایەك بۆ جێ خستنی فەرهەنگ و كولتووری نوێ، بەداخەوە لە ئێران نە سیستمی دەسەڵاتدارێتی و نە یاسا هیچكامیان لە خزمەت وشیاری و بردنە سەرەوەی ئاستی رۆشنبیریی كۆمەڵگا نین. یاسای كۆماری ئیسلامی پڕ لە هەڵاواردن دژی ژنان و بە ئاشكرا مافەكانی تاك بە گشتی و ژنان بەتایبەتی تێیدا پێشێل كراوە. رۆژانە لە ئێران و بە بەرچاوی خەڵك ئیعدام دەكرێت، سووكایەتی بە ژنانی بێ حیجاب دەكرێت و هەموو ئازادیە تاكەكەسیەكان زەوت كراوە و میدیا و راگەیاندنەكانیش لە خزمەت بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتداران دان و ئەمەش وادەكات كە چ سیستمی پەروردە و چ میدیا و چ یاسا و كولتوور هەموو بەرهەمهێنەری توندوتیژی بن و بەردەوام دووپات بكرێنەوە.
كوردپا: ئاخۆ جیاكردنەوە و هەڵاواردنی رەگەزی هەر لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە (سەردەمی منداڵی) رەخساندنی جۆرێك لە زەینیەتی جیاواز و پارێزگاری كردن لە ژنان لە هەمبەر ئەو خەسارانەدا نیە كە لەلایەن پیاوانەوە رووبەڕوویان دەبیـَەوە؟ ئاخۆ ئەم سیاسەتە جۆرێك لە رەوایی بەخشین بە رەخساندنی زەینیەتی دەسەڵاتدارێتیی پیاوان نیە؟

ف. محەممەدی: جیاكردنەوەی كوڕ و كچ هەر لە تەمەنی منداڵی و دوور راگرتنی ئەم دوو رەگەز لە یەكتر وا دەكات كە حەز و پێویستیە جینسی و عاتفیەكان سەركوت بكرێن و ببنە گرێ (عقدە)ی جینسی كە دواتر دەتەقێتەوە. با لێرەدا نموونەیەك بهێنمەوە ئەویش رووداوی چەند مانگی رابردووی شارەكانی كاشمەر و خومەینی شەهر بوو كە بە كۆمەڵ لەلایەن چەند پیاوێكەوە دەستدرێژی كرایە سەر چەند ژنێك. كە ئەم رووداوە لە راستیدا تەقینەوی جینسی بوو. ئەمە نیشان ئەدات كە دابڕان و دووریی دوو رەگەز لە یەكتر كۆمەڵگا و سەركوت كردنی حەز و ئارەزووە سێكسی و عاتفییەكان چۆن لە یەك كاتدا دەتەقێتەوە و ژن دەبێتە قوربانی. هەرچەند ئەمە دەتوانێت هۆكاری دیكەشی هەبێت وەك ئەوەی كە توندوتیژی ئەوەندە ئاسایی بۆتەوە كە ئەو جۆرە پیاوانە ئیزن ئەدەن بە خۆیان بەم شێوەیە دەستدرێژی بكەنە سەر ژنان. هەموو مرۆڤێك لە تەمەنێكی دیاریكراودا حەز و ئارەزووی عاتیفی و سێكسی هەیە كە رەنگە بە قسە كردن یان ماچێك وەڵامی خۆی وەربگرێت، بەڵام ئەگەر ئەمە هەر سەركوت كرا، دەبێتە گرێ و دواتر بە شێوەی خراپتر خۆی دەردەخات. كۆمەڵگای ئێرانیش وای لێهاتووە كە بەردەوام كوڕ وكچ لە یەك دوورن و ناتوانن هیچ پێوەندییەكی عاتیفی، كاری، دۆستایەتی و زۆر شتی دیكەیان هەبێت و هەمیشە ترسێكیان لە رەگەزی بەرامبەر هەیە بەتایبەت كچان. ئەمە وا دەكات كە تێنەگەیشتنێك لە نێوان ئەم دوو رەگەز پێك بێت و هەندێك دیاردەی كۆمەڵایەتیی ناحەز لە كۆمەڵگا دروست بكات. كۆماری ئیسلامی هەر لە یەكەم رۆژی بە دەسەڵات گەیشتنی هەوڵی دا هەتا ژن و پیاوان لێك جیا بكاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش هەنووكە لە زانكۆكان گەڵاڵەی جیاكردنەوەی جنسیەتی بەڕێوە دەبات كە ئەمە كاریگەریی زۆر خراپ لەسەر هەر دوو رەگەز دادەنێت، چونكە ئەم سیاسەت و روانگەیە وا دەكات كە ژن و پیاو نەتوانن پێكەوە بن، چونكە ئەگەر وابوو ئەوە تەنیا لایەنە سێكسیەكان لەبەرچاو دەگرن كە ئەمەش وای كردووە بەشێكی زۆر لە ژنان و پیاوان بە روانگەیەكی دیكەوە سەیری پێوەندیی نێوان ژن و پیاو بكەن.
كوردپا: ئاخۆ دەوڵەت لە پەرە دان بەم توندوتیژییانە رۆڵ و كاریگەریی نیە؟ چونكە لەلایەك حاشا لە بوونی جۆرەكانی توندوتیژی دەكات و لەلایەكی دیكەشەوە و بەدژی ژنان پەرەی پێ دەدات؟

ف. محەممەدی: توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەگەر لە كۆمەڵگاكانی دیكە ئەو كولتوورە و هەندێك داب و نەریتی توندوتیژی بەدژی ژنان پەرەیان پێ دەدرێت لە كۆمەڵگای ئێران ئەوە سیستمی دەسەڵاتدارێتی زیاترین توندوتیژی دژی هەموو تاكەكان و بەتایبەت ژنان بەكار دەهێنێ. بە ئاشكرا لە یاساكانی كۆماری ئیسلامیدا مافی ژن پێشێل كراوە و وەك شارۆمەندێكی پلە دوو سەیر دەكرێت. سەنگسار كردنی ژن، حیجابی زۆرەملێ، نەبوونی مافی جیابوونەوە و زۆر شتی دیكە لە پێناسە سەرەكیەكانی دژە ژن بوونی كۆماری ئیسلامیە. هەر بۆیە دەوڵەت و یاسا رۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە پەرەپێدانی توندوتیژی. چونكە بە رەسمی و بە یاسا توندوتیژی لە كۆمەڵگا نهادینە كردووە و ئەمەش بۆتە بە رێگرێكی گەورە لە بەردەم خەبات دژی توندوتیژی.

كوردپا: بەڕای ئێوە ئاخۆ تەرخان كردنی رۆژێك لەژێر ناوی \"رۆژی نێودەوڵەتیی سڕینەوەی توندوتیژی بەدژی ژنان\" بۆ خۆی دیسان پەرە بە زەینیەتی توندوتیژی بەدژی ژنان نادات؟

ف. محەممەدی: من پێم وانیە كە دیاری كردنی رۆژێك پەرە بە توندوتیژی بدات، بەڵكوو تا كاتێك كە توندوتیژی هەبێت، بوونی وەها رۆژێك و وەبیرهێنانەوەی زۆر پێویستە. رەنگە بڵێین كە بۆچی تەنیا لەم رۆژە باسی توندوتیژی دەكرێت؟ نەخێر هەموو رۆژێك چالاكانی ژنان و رێكخراوە مرۆڤدوستەكان هەوڵ دەدەن بۆ بنبڕ كردنی توندوتیژی، بەڵام ئەم رۆژە وەك سیمبۆلێك بۆ وەبیرهێنانەوەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەتایبەت دەسەڵاتداران لە ئاست توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زۆر پێویستە. هەتا كاتێك مافە مرۆییەكانی ژن پێشێل بكرێت و هەتا كاتێك توندوتیژی وەك ئامرازێك بۆ سەركوتی ژنان بە كار بهێنرێت و پیاو دەسەڵاتدار بێت و ژن پلە دوو، پێم وایە بوونی رۆژگەلێك وەك هەشتی مارس و 25ی نوامبر زۆر پێویستن.

كوردپا: سپاس لە قبووڵ كردن و ئەنجام دانی ئەم وتووێژە