مۆنتەزێری خوازیاری پێکهێنانی ستادی قەیرانی فەزای مەجازی بوو

15:24 - 17 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: محەممەد جەعفەر مۆنتەزێری دادستانی گشتیی ئێران، لە نوێترین لێدوانی‌دا، سەبارەت بە فەزای مەجازی دەڵێ؛ دوژمن لەم ڕێگەوە بایەخە دینی و بنەماڵەییەکانی کردۆتە ئامانج.

هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری مۆنتەزێرییەوە بڵاوی کردەوە؛ \"پێویستە بۆ پێشگرتن لە خەسارەکانی فەزای مەجازی، ستادی قەیران لەم بیاڤەدا پێک بهێنین\"؛ هەروەها سستی هەندێک لە بەرپرسان و جێبەجێ نەکردنی پڕۆژەی ئینتێرنێتی نەتەوەیی، بە ٢ هۆکار لەمەڕ زیادبوونی خەسارەکانی ئەم بەشە لە قەڵەم دا.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا زۆر بوونی ڕێژەی تەڵاق و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی خستە ئەستۆی فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەک بەڵایەک بۆ گیانی بنەماڵەکان ناوی لێ برد.

ئەم بەرپرسە حکوومەتییەی ڕێژیمی تاران پێشتریش فەزای مەجازیی بە فەزایەکی پیس و ژەهراوی ناوزەد کردبوو.

ئەمە یەکەم جار نیە کە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە باس لە فەزای مەجازی دەکەن؛ لە حەوتووی ڕابردوشدا ئایەتوڵڵا ناسر مەکارێم شیرازی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی \"شوورای فەرهەنگیی ستادی وەزارەتی ناوخۆ\" لە قوتابخانەی \"ئیمام سەجاد\"ی شاری قوم‌دا گوتی: ڕایەڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لیتە و چڵپاوی بۆگەنیون.

ڕۆژی شەممە هەشتی جۆزەردانیش، لە کۆبوونەوەی شوورای بەرزی فەزای مەجازی و بە ئامادەبوونی خودی حەسەن ڕووحانی وەکوو بەرپرسی ئەو شوورایە، بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە تۆڕەکۆمەڵایەتییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان خرایە بەر باس و بەشگەلێک لەو بەڵگەنامەیە پەسەند کرا. لە پەسەند کراوەکاندا بڕیاڕ دراوە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە چالاکەکان لە ئێران، لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا داتاکانی خۆیان لە نێوخۆ پاشەکەوت بخەن.

شایانی باسە لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆمپانیا ڕاگەیەنە بیانییەکان بۆ ئەوەی لە چالاکییەکانیان لە نێوخۆی ئێران بەردەوام بن، مەرجی سیخوڕییان بۆ دانراوە. بە پێی ئەو داواکارییە، ئەو کۆمپانیاگەلە ئەرکدار دەکرێن بەوەیکە زانیاری و چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە هاووڵاتیانی ئێرانی ڕادەستی ئێران بکەنەوە.

ئەم هەوڵە سەیر و سەمەرانە لە کاتێکدان کە بەشی زۆری لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی و یەک لەوان نوسینگەی عەلی خامنەیی، بەشدارییەکی چالاکانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای مەجازیدا هەیە.