مسباحی یەزدی کەسانی غەیرە ئایینی بە ئاژەڵ وەسف کرد

15:02 - 25 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: کەسایەتییەکی دیاری نێو دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کەسانی جیابیر و لائیکی بە ئاژەڵ لە قەڵەم دا.

\"محەممەد تەقی مسباحی یەزدی\" لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی \"عقیدتی سیاسی\" هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە کە پاش ٣٤ ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، هەتا ئێستا بیرۆکەی \"ئۆمانیسم\" لە ناو نووسەرانی ئێرانیدا ماوە و لە نووسینەکانیاندا بەرچاو دەکەوێت.

هەواڵدەریی \"فارس\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، کە مسباحی یەزدی بەرپرسی رێکخراوی \"پەروەردە و لێکۆڵینەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی\" باسی لەوەش کردووە کە مرۆڤ نابێ بێ مەزهەب بێت و لە ئەگەری بوونیشی لەگەڵ ئاژەڵ جیاوازی نییە و زۆر جار لە ئاژەڵیش خوارترە.

هاوکات راشیگەیاندووە، کە دەبێ سەرجەم ناوەند و رێکخراوەکان لەژێر چەتری \"مەزهەب\"دا بن، چونکە کۆمەڵگەی مەزهەبی و ئایینی پێویستیی بە ئابووری، سیاسەت و زانستی ئیسلامی هەیە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا شۆڕشی گەلانی ئێرانی بە \"نێعمەتێکی خودایی و بێ هاوتا\" بۆ خەڵکی ئێران و عەلی خامنەیی بە \"رێبەری \"بێ بەدیل\"ی جیهانی ئیسلام وەسف کرد و رایگەیاندووە \"بەم پێیە نیشتمان پەروەری و خۆبەخت کردن بۆ خاک و ئاو هیچ واتایەکی نییە چونکە هەموو جیهان خاوەن ئەو نیعمەتانەن\".

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا مەلا \"قادر قادری\" ئیمام جومعەی شاری پاوە و نوێنەری وەلی فەقێ لەو شارە، هەڕەشەی لە چالاکانی فەرهەنگیی ئەو شارە کردبوو و رایگەیاندبوو کە پێویستە چالاکییەکانیان بەربەست بکرێت و دادگایی بکرێن.