مردنی گوماناویی لاویکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە کەڵانتەریی شاری میانە + وێنــە

23:08 - 19 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: پەروەندەیەکی دیکەی هاوشێوەی مردنی گوماناوی سەتار بەهەشتی، لەلایەن دادگای شاری میانەوە تاوتوێ دەکرێت.

داستانی گشتیی شاری میانە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ مردنی گوماناویی لاوێکی ٢٠ ساڵە بەناوی \"ئەبولفەزل رەجەبی\" لە کەڵانتەریی ئەو شارەدا، پەروەندەیەکی قەزایی کردەوە.

رۆژنامەی بەهار لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە بەوتەی دادستانی گشتیی شاری میانە لاویکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە سەرەتای حەفتەی رابردوودا بە خۆ هەڵواسین بە دۆخینی پاتۆڵی کوردی، هەوڵی خۆکوژی داوە.

\"14512.jpg\"
ئەبولفەزل رەجەبی لەلایەن کەڵانتەریی ١٣ی شاری میانەوە تۆمەتی دزینی ٦٠٠ دەزگا ماتۆڕ درابوویە پاڵ و دەستبسەر کرابوو.

ئەو تۆمەتەی کەڵانتەریی ١٣ی شاری میانە لە کاتێک دایە کە پارێزەری بنەماڵەی \"رەجەبی\" رایانگەیاندووە شاری میانە بەگشتی ٦٠٠ دەزگا ماتۆڕی تێدا نییە.

عەلی رەجەبی باوکی ئەبولفەزل رایگەیاندووە، \"کوڕەکەی من کێشی جەستەی ٦٥ کیلۆ بووە، چۆن دەکرێ کەسیک بەو کێشەوە بە دۆخین خۆی هەڵواسێ و کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێ؟\".

هەنووکە بنەماڵەی رەجەبی و هەروەها پارێزەرەکەیان گومانیان لە خۆکووژیی ئەبولفەزل هەیەو رایانگەیاندووە کە ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە گیانی لەدەست داوە.

پێشتریش سەتار بەهەشتی لە روبات کەریمی شاری تاران بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی مەئموورانی پۆلیسی \"فتا\"وە بەشێوەیەکی گوماناوی کوژرا.