محەممەد مورادی پاش ٢٠ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا

16:41 - 22 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بە پێشینەترین زیندانیانی سیاسی کورد لە گرتوووخانەی ناوەندی ئوستانی یەزد ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسی کورد بە ناوی محەممەد مورادی کوڕی عەبدوڵڵا، پاش ٢٠ ساڵ دەستبەسەریی، لە گرتووخانەی شاری یەزد رزگاری بوو.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: دوای١٧ساڵ دوورخرانەوە و راگوێزرانی بۆ زیندانی یەزد لە کۆتایی حەفتەی رابردوودا ئەو زیندانییە سیاسییە ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە گەڵ عەلی‌ساڵحی لەلایەن دەزگا قەزاییەکانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیی لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و هەوڵدان بە دژی تەناهی نەتەوەیی بە ٢٠ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم داربوو.

\"28626.jpg\"
محەممەد مورادی
پێشتریش یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مورادی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو: مورادی تووشی \" تومۆری مێشک \" هاتووە و و بڕیار بوو نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

محەممەد مورادی، والی دروودی، عومەر ئیمامی کوڕی حەسەن و عەلی ساڵحی لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی دەستبەسەر و لەو ماوەیەدا لە مافی مەرەخەسیش بێبەری بوون.
دەوترێ، ئیدارەی گشتی ئیتلاعاتی ئوستانی کرماشان دژایەتی لە گەڵ مەرەخسی ئەو زیندانیانە کردبوو.