ماڵی مێژوویی "کاگاوا" میوانداریەتی ژنە نووسەرێکی کورد دەکات

16:35 - 18 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ماڵی مێژوویی \"جووی کاگاوا\" لە ولاتی کانادا، میوانداریەتیی ژنە نووسەرێکی کوردی خەڵکی شاری سنە دەکات.

ماڵپەڕی \"شهروند\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، خاتوو \"ئاوا هوما\" نووسەری کوردی دانیشتووی \"تۆرێنتۆ\" بۆ ماوەی ٣ مانگ لە ماڵی مێژوویی \"جووی کاگاوا\" لە شاری \"ڤانکۆوێر\"ی کانادا میوان دەبێت و بڕیارە نووسینی رۆمانەکەی خۆی لەوێ تەواو بکات.

جووی کاگاوا، شاعیر و رۆماننووسی بەناوبانگی ژاپۆنی – کانادایی سالی ١٩٣٥ لە شاری ڤەنکۆوێری کانادا لە دایک بووە و تەمەنی منداڵیی خۆی لە ساڵانی شەڕی جیهانیی یەکەمدا تێپەڕاندووە.

ئەو نووسەرە ژاپۆنییە نووسینەوەی ئەزموون و بیرەوەرییەکانی خۆی لە ساڵانی شەڕی جیهانیی یەکەمدا، وەک کەسایەتییەکی جیهانی ناوبانگی دەرکردووە و ناسراوە.

ئاوا هوما بڕیارە لەماوەی ئەو ٣ مانگەدا لەسەر یەکەمین رۆمانی درێژی خۆی بەناوی \"Many cunning PASSages\" (زۆرێک لە رێڕەوەکانی فێڵ‌بازی) کە رۆمانێکی مێژووییە، کار بکات.

رۆمانی زۆرێک لە رێڕەوەکانی فێڵ‌بازی، چیرۆکی بنەماڵەیەکی کورد لە وڵاتی ئێرانە و سەرگورووشتەی ئەو بنەماڵەیە لە پاش شۆڕشی ١٣٥٧ـەوە هەتا سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز دەخاتەڕوو.
ئاوا هوما بە بیستنی هەواڵی ئێعدام کرانی فەرزاد کەمانگەر، بڕیاری نووینەوەی ئەو پەرتووکەی دا و هەنووکە سەرقاڵی تەواو کردنیەتی.

ئاوا هوما کە پێشتر یەکەم کۆمەڵە چیرۆک خۆی بەناوی \"زایەڵەیەک لە وڵاتێکی دیکەوە\" لە وڵاتی کانادا چاپ و بڵاو کردەوە.

ئەو نووسەرە کوردە لە زانکۆی تەباتەبایی بڕوانامەی کارناسیی باڵای لە ئەدەبیاتی ئینگلیزیدا وەرگرتووە و پاش ئەوەی رووی لە وڵاتی کانادا کردووە، خوێندنی لە رشتەی \"نووسین\"دا درێژە پێ‌داوە و هەنووکە ئەندامی \"ئەنجومەنی قەڵەمی کانادا\"یە و سەرقاڵی نووسەری و وانە وتنەوەیە.