مانگنامەی \"کرێکار\" بۆ رووماڵی رووداوە کرێکارییەکان لە کوردستانی ئێران( رەزبەر)

18:22 - 2 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەمانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢‌ی هەتاوییدا ٧ کرێکاری ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی روودای کار و رووداوەکانی دیکە بوونەتە قوربانی و لەکۆی ئەو رێژەیە ٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ خستنە رووی رێژەی گیان لەدەست دان و بریندار بوونی کرێکارانی کورد لەکاتی کارکردن و رووداوەکانی دیکە، مانگانە راپۆرتی رێژەی قوربانیانی رووداوی کار لەژێر ناوی \"مانگنامەی کرێکار\"‌دا بڵاو دەکاتەوە و دەپڕژێتە سەر چۆنیەتیی قوربانی بوون ئەو چینە لە کۆمەڵگەی کوردەواری.

لەماوەی مانگی رەزبەردا ٧ کرێکاری کورد بە هۆی رووداوی کار و رووداوی هاتوچۆوە بوونەتە قوربانی و لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە یەکێک لەو کرێکارانە لەدەرەوەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران واتە لەهەرێمی کوردستان گیانی لەدەست داوە.

مەرگی کرێکاران بە هۆی رووداوی کار

\"16289.jpg\"
لە ماوەی ئەو مانگەدا ٤ کرێکاری کوردی خەڵکی شارەکانی جوانرۆ، پیرانشار، سنە و نەغەدە بە هۆی روودای کار و لەکاتی کار کردن‌دا گیانیان لەدەست داوە.
لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٣‌کەسیان بە هۆی بەربوونەوە لەبەرزایی و هەروەها کرێکارێکی دیکەش بە هۆی کەوتنە بەر تاسمەی کورەخانەوە گیانیان لەدەست داوە.

نێوەنجی تەمەنی ئەو کرێکارە گیان لەدەست داوانە ٢٢ بۆ ٣٥ ساڵ‌دا بووە و لەدرێژەی قوربانیانی کاردا کرێکارێکی سنەیش بە هۆی بەربوونەوە لەداربەرق بە توندی بریندار بووە.

مردنی ئەو چوار کرێکارە لەمانگی رەزبەردا بە هۆی رووداوی کار بە بەراورد لەگەڵ مانگی خەرمانانی ٩٢، دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە، بەچەشنێک کە لەمانگی خەرماناندا ٧ کرێکاری کورد بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دابوو.
لەلایەکی دیکەوە رێژەی بریندار بوونی کرێکارانیش لەمانگی رەزبەردا بە نیسبەت مانگی خەرمانان رووی لەکەمی داوە، بەچەشنێک کە لەمانگی خەرماناندا ٥ کرێکار بە هۆی رووداوی کارەوە بریندار ببوون.

مەرگی کرێکاران بە هۆی رووداوی هاتووچۆ

\"16290.jpg\"
لەمانگی رەزبەردا دوو کرێکاری خەڵکی شارەکانی کامیاران و سنە بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە و یەکێک لەو کرێکارانە لەهەرێمی کوردستان تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو رێژەیە لەحاڵێکدایە کە مردنی کرێکاران بەهۆی رووداوەکانی بێجگە لەکاتی کارکردن، لەمانگی خەرمانانی ٩٢دا، ٣‌حاڵەت بووە.

\"16293.jpg\"


نەبوونی بیمەی کار

\"16292.jpg\"
بەوتەی چالاکانی کرێکاری، نەبوونی ئیمەنیی کار، نەبوونی کەلوپەلی ستاندارد، ئەستەم بوونی کار و ماندوو بوونی کرێکاران لەهۆکارە سەرەکییەکانی قوربانی بوونی کرێکاران لەکاتی کارکردن دان و بە هۆی بیمە نەبوونی ئەو کرێکارانە، بنەماڵەکانیان لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەو چالاکانە لەو باوەڕەش دان، بیمەی کرێکاری زۆر بە ئەستەم کرێکارانی کورد دەگرێتەوە و ئەگەریش بیمە دەکرێن، خاوەنکارەکانیان کێشەیان بۆ دروسیت دەکەن و لەخزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەرییان دەکەن.

بەپێی مادەی ٢٩ لەیاسای کاری ئێران، هەر کرێکارێک کە لەرۆژدا ٨ کاتژمێر کار دەکات پێویستە \"بیمە عمر\" بکرێت، کەچی بە وتەی بەشێک لەکرێکارانی کورد شتێک بەناوی بیمەی تەمەن(عمر) لای ئەوان نامۆیە و خاوەنکارەکان پێش بەو بیمانە دەگرن و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هیچ لێپرسینەوەک ناکەن.

بەپێی مادەی ٢٨ لەیاسای ئیدارەی \"تەئمین ئێجتماعی\" لەکۆی ٣٠% کە بۆ بیمەی هەر کرێکارێک دیاری کراوە و لەو رێژەیە دەبێ‌ لەلایەن ٢٠% ‌ی خاوەنکار، ٧% لەلایەن کرێکار و ٣%‌یش لەلایەن دەوڵەتەوە بدرێت.