مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا
ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەر، "مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور" خەڵکی گوندی "خراپە"ی شاری پیرانشار و پێشنوێژی هەینی گوندی " "ئەندێزێـ"ـی بەخشی لاجانی پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تەمەنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.
تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو مامۆستا کوردە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە سێڕێیانی پەسوێی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا و دواتر هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی.
ئەو مامۆستا ئاینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و هەروەها "لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.