مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری شنۆ دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا

21:25 - 28 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری شنۆ و خوێندکاریی کارناسیی باڵای مافە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی \"مەراغە\" بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵ حوکمەکەی رەوانەی زیندانی شاری شنۆ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ \"ئازاد رەسووڵ نژاد\" مامۆستای قوتابخانەکانی شاری شنۆ کە لایەن حیراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەوە شارە بانگهێشت کرابوو، پاش خۆ ناساندن بەو ئیدارەیە دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە راگوێزرابوو.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان \"ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران\" راگەیاندووە.

\"12770.jpg\"
ئازاد رەسووڵ نژاد\" مامۆستای قوتابخانەکانی شاری شنۆ
ئازاد رەسوڵ نژاد، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ رەوانەی زیندانی شاری شنۆ کراوە.

ئەو مامۆستایە رێکەوتی ٢٤ خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩١ دەستبەسەر و پاش ٤٠ رۆژ بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئازاد رەسووڵ نژاد پاش ماوەیەک لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"ورمێ\" لە درێژە دان بە خوێندن بێبەری و هەروەها بە ٣ ساڵ زیندانی تەعلیقی ق ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٢٨ رۆژی رابردوودا ١٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم بە ١٦٧ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٣ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کراون.