مامۆستایەكی ئاینیی بەلووچ خەڵاتی \"مافی مرۆڤی\" پێ ‌بەخشرا

14:46 - 2 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: مامۆستایەكی تەمەن ٦٧ ساڵ بەهۆی هەوڵدان بۆ دروست كردنی پردی پەیوەندیی ئاشتیخوازانە لەنێوان نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەكان لەئوستانی سیستان و بەلووچستان، خەڵاتی مافی مرۆڤی كانوونی پشتیوانی لە مافی مرۆڤی پێ‌بەخشرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، یەكێک لەزانایانی سوننی مەزهەبی بەلووچستان بەناوی (مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زەهی) توانی خەڵاتی مافی مرۆڤ لە دەستی نەرگیس محەمەدی جێگری كانوونی بەرگریی لەمافی مرۆڤ وەربگرێ‌.

كانوونی بەرگری لەمافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا، هۆكاری پێدانی ئەو خەڵاتەی بە ئیمام جومعەی شاری زاهیدان روون كردۆتەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە: مەولەوی عەبدولحەمید و بنەماڵەكەیان لەلایەن حكوومەتەوە فشاریان خراوەتەسەر، بەڵام سەرەڕای ئەو فشارانەش توانی نموونەیەكی باش پێكەوە ژیان پێشكەش بكات.

\"23774.jpg\"
نێرگس محەمەدی: بایەخدان بە مافی كەمینەكان زامنی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە
مەولەوی عەبدولحەمید لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەیدا باسی لەوە كردووە بیرۆكەكانی لەراستای مافی مرۆڤ و ئاشتیدا بووە و لەو باوەڕەدابووە پێویستە كار بۆ نەهێشتنی شەڕ و خوێنڕشتن بكات هەتا سەرجەم باوەڕ و مەزهەبەكان بتوانن بە ئارامی لەتەنیشت یەكتر ژیان بەسەر ببەن.

ئەو خەڵاتی رێكەوتی ٢٥ی سەماوەز لە سەردانێكی نێرگس محەمەدی بۆ زاهیدان بە زانا ئایینی‌یە بەخشراوەو وتوویەتی: بایەخدان بە مافی كەمینەكان زامنی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە.

پێشكەش كردنی ئەو خەڵاتە لەحاڵێكدایە كە زۆربەی ئەندامانی بنەماڵە، خزم و كەسە نزیكەكانی عەبدولحەمید لە ژوورە تاكەكەسییەكاندا راگیراون و دواتر بۆ شارەكانی دیكە دوور خراونەتەوە.

عەباس ئەمیر ئینتزام، ئایەتوڵڵا مونتەزیری، عێزەتوڵڵا سەحابی و محەەد مەلەكی لەو كەسانەن كە خەڵاتی مافی مرۆڤیانت پێ‌بەخشراوە.

شیر عیبادی، محەمەد عەلی داخا، محەمەد سەیف‌زادە، محەمەد شەریف و عەبدولفەتاح سوڵتانی لە دامەزرێنەرانی كانوونی بەرگریی لە مافی مرڤ لەساڵی ١٣٨٠ دان، بەڵام هەتا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی كاركردنی بە كانوونەكە نەداوە.