ماستی دەستلەکار کێشانەوەی سەرئەفراز بێ موو نەبوو

21:31 - 29 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە حەوتووی ڕابردوودا یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، دەستی لەکار کێشایەوە، کە لە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتیشدا ڕەنگی دایەوە.

محەممەد سەرئەفراز سەرۆکی پێشووی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، پاش ١٨ مانگ کارکردن لە دەزگای تەبلیغیی تاران، بە بیانووی نەخۆشی دەستی لەکار کێشایەوە و عەبدولعەلی عەلی عەسکەری، بە بڕیاری عەلی خامنەیی جێگاکەی ناوبراوی پڕ کردەوە.

کەیهانی لەندەن، لە ڕاپۆرتێکدا بە پشت بەستن بە هەندێک زانیاری کە لەنێو دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامییەوە درکاوە، هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی سەرئەفرازی خستۆتە ڕوو کە گرینگترینیان ئەمانەن:

کەمیی بودجەی دەزگای دەنگ و ڕەنگ و کۆمەڵێک گرفتی جۆراوجۆری دارایی، دزی کردن لە بەشی ئارشیوی دەزگای دەنگ و ڕەنگ و فرۆشتنی کۆمەڵێک فیلمی مێژوویی بە تەلەفزیۆنەکانی دەرەوەی وڵات، گومانی هەبوونی پێوەندی بێ‌ئەخلاقی سەرئەفراز لەگەڵ شەهرزاد میرقۆلی‌خان لێکۆڵەری تایبەتی دەنگ و ڕەنگ و بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی پرێس تی ڤی، درکاندنی قسەکانی عەباس عێراقچی لە دانیشتنی تایبەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەنگ و ڕەنگ، بڵاو نەکردنەوەی دیمانەی تەلەفزیۆنی جەواد زەریف و چەندین هۆکاری دیکە.

دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی تەنیا ناوەندی ڕێگەپێدراوی بلاوکردنەوەی بەرنامە ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنییەکانی کۆماری ئیسلامییە کە سەرۆکایەتییەکەی لە لایەن عەلی خامنەییەوە دیاری دەکرێت. بودجەی ئەم ناوەندە لە ساڵی ٩٣دا، ١٥٨٠ میلیارد تمەن بووە و هاوکات لەگەڵ کارە سەرەکییەکانی خاوەندارەتی کۆمپانیای سیمافیلمیشی لە ئەستۆیە.