لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەكان دوو كۆڵبەری كورد بریندار بوون

14:00 - 18 پووشپەڕ 2712
كوردپا: ژمارەیەك كۆڵبەری كورد لە ناوچەی \"دەرماناوێ‌\"ی سەردەشت كەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا دوو كۆڵبەر بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەبدوڵڵا خەڵكی ئاوایی \"سێوەتاڵ\" و رێبوار خەڵكی ئاوایی \"ئەشكان\"ی سەردەشت ئەو دوو كۆڵبەرە كوردەن كە بە تەقەی هێزە ئینتزامییەكان بریندار كراون.

چەندین شایەتحاڵ بە هەواڵنێری \"كوردپا\"یان راگەیاندووە، هێزە حكوومەتییەكان لە ناوچەی دەرماناوێ‌دەستیان كردووە بە كۆ كردنەوەی كەلوپەلی كاسبكار و كۆڵبەران.

هەواڵنێرمان لە درێژەدا رایگەیاند، زەوت كردنی كەلوپەلی كاسبكاران دژكردەوەی خەڵكی ناوچەی دەرماناوێ‌لێكەوتەوە و لە ئەنجامدا كەلوپەلەكانیان لە هێزە ئینتزامییەكان ئەستاندۆتەوە.
\"5174.jpg\"
كوشتن و بریندار كردنی كاسبكارانی كورد بەردەوامە:

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا تەنیا لە 50 رۆژی رابردوودا 14 كۆڵبەر و كاسبكاری كورد لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كوژراو و بریندار بوون.

لە كۆی گشتی ئەو رێژەیە 6 كۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە و 8‌ی دیكەش بریندار بوون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.