لە ئێران پێكەوە نانی ژیانی هاوبەشی پێشوەخت 45% زیادی كردووە

13:38 - 18 رەشەمه 2711
كوردپا: ئەندامێكی ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافی منداڵان لە ئێران رایگەیاند: لە ماوەی 4 ساڵدا لە ئێران ئاستی پێكەونانی ژیانی هاوبەش لە نێوان منداڵان بە نیسبەت هەموو حاڵەتەكانی ئەم دیارەدەیە، 45% زیادی كردووە.

فەرشید یەزدانی لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی ئیسنا رایگەیاندووە، بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی سەبت ئەحواڵی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، رێژەی پێكەونانی ژیانی هاوبەشی كچانی خوار تەمەن 15 ساڵ 45% گەشی سەندووە و هەر ساڵە لە ئێران40 هەزار حاڵەت بە ئاماری پێكەونانی ژیانی هاوبەشی پێشوەخت زیاد دەبێت.

یەزدانی ئاماژەی بەوەش داوە ساڵی 1385 لە ئێران 950 هەزار منداڵی تەمەن خوار 15 ساڵ هەبوون كە پێشوەخت ژیانی هاوبەشیان پێكەوە ناوە و نزیك بە 900 هەزار كەسیان كچان بوون و باقیەكەشیان كوڕ بوون.

بەپێی هەمان ئامار لە كۆی ئەو 90 هەزار كەسە 70 هەزار كەسیان تەمەنیان لە نێوان 10 هەتا 14 ساڵان بووە و ئەو رێژەیە لە ساڵانی دواتریشدا رووی لە زیاد بوون كردووە.

پەرە سەندنی ئەو دیارەدەیە لە ئێران لە كاتێك دایە كە بەپێی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەت یاساكانی داكۆكیكاری مافەكانی منداڵان، منداڵ هەتا تەمەنی 18 ساڵ نابێ بڕۆنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە هەتا بە تەواوەتی لەباری جەستەیی و فكری و ئەقڵەوە كامڵ نەبن.