لە گرتووخانە ئازاری زیاتر دەخرێتە سەر محەممەد نەزەری

20:12 - 29 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دژی دەرمان کردن و پێدانی مەرەخەسی بە زیندانییەکی سیاسی کوردە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردپا، بەرپرسانی گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر درمان کردنی نەخۆشینی محەممەد نەزەری کە ٢٢ ساڵی ڕابردووی لە زیندان بردووەتەسەر، دەربڕیوە.
ناڕەزایەتی بە داواکاریی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە بووە.

ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لەپاش نەخۆشینی دڵ و هەناسە، لە ساڵۆنی ١٢ ی گرتووخانەی ڕەجایی شار، بۆ دەرەوەی زیندان گوازراوەتەوە، بەڵام ئیزنی مانەوە لە نەخۆشخانەی پێ‏نەدراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە حەوتووی ڕابردوودا و لە بەرەبەری نەورۆزدا، داوای مرخەسی کردبوو کە لەژێر زەخت و گوشاری هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو داوایەی ڕەت کردەوە.

ڕەتی داواکەی محەممەد نەزەری لە کاتێکدایە کە دانی بارمتە لە لایەن ناوبراوەوە دابین کرابوو و هەر بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، مەرجی دەزگای دادوەریی ــ ئیتلاعاتی بۆ پێدانی هەرچەشنە مرەخەسییەک، واژۆی توبەنامە و مەحکووم کردنی حیزبە سیاسییەکانی کوردە لە لایەن ئەو زیندانییەوە.

هەروەها دۆسیەی قەزایی ئەو زیندانییە چووەتە کۆمیسیۆنی لێبوردنی سەر بە دەزگای دادوەری، کە تاکوو ئێستە وەڵامێکی ڕوون و ڕاستیان پێ‏ نەدراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییە رێكەوتی ٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، لە شاری بۆكان لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردی دەستبەسەر كراوە.

محەممەد لە لایەن دەزگای قەزاییەوە حوكمی ئیعدامی بۆ دەبڕدرێتەوە و لە ساڵی ١٣٧٨ كەوتۆتە بەر لێبووردن و حوكمی ئیعدامەكەی بووە بە زیندانی هەتاهەتایی.