لە پاركێكی شاری ورمێ‌ بە ئاشكرا مادە هۆشبەرەكان دەفرۆشرێن

15:38 - 6 پووشپەڕ 2712
كوردپا: ماوەیەكی زۆرە لە پاركی \"ساعەت\"ی شاری ورمێ‌ بە شێوەی ئازاد و راشكاوانە مادە هۆشبەرەكان دەفرۆشرێن و ناوەندە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش لەم بارەوە كەمتەرخەمن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ماوەیەكی زۆرە كۆمەڵێك كەس لە پاركی ساعەت لەناو شاری ورمێ‌ ئازادانە و راشكاوانە سەرقاڵی فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكانن و داواە لە خەڵك دەكەن كە مادەی هۆشبەریان لێ‌ بكڕن.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری شایەتحاڵانەوە رایگەیاندووە، ئەگەرچی هەتا ئێستا چەندین جار بە نیسبەت ئەو مەسەلەیە لەلایەن پۆلیسی 110، ستادی بەرنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و چەندین ناوەندی دیكەی پێوەندیدار سكاڵا كراوە، بەڵام هیچ چەشنە رێگرییەكیان لەم بارەوە نەكردووە و ئەمەش بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێی بنەماڵەی دانیشتوانی دەورووبەری پاركی ساعەت.

لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە خەڵكی شاری ورمێ‌ لە ترسی تووش بوون بە مادە هۆشبەرەكان و نەخۆشییەكانی، پێش بە چوونی منداڵ و مێرمنداڵەكانیان بۆ ناو ئەو پاركە دەگرن و شایەتحاڵان جەخیتیان كردۆتەوە جیا لە بوونی مادە هۆشبەرەكان، ماوەیەكە چەندین ژن لەوێ‌ سەرقاڵی لەشفرۆشین و ترس و گومانی ئەوەش هەیە كە بە نەخۆشی و بەتایبەت ویرووسی ئایدز (HIV) ئالوودە بن و ئەم دیاردەیەش هێندەی دیكە ژیان و ئاسایشی خەڵكی دەورووبەی پاركی سەعاتی ورمێی تێك داوە.