لە ماوەی یەك مانگدا 11 هاووڵاتیی كورد لە مەریوان دەستبەسەر كراون

13:27 - 9 رێبەندان 2711
كوردپا: لە ماوەی یەك مانگدا لە شاری مەریوان و دەورووبەری 11 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە مەریوان، لە رێكەوتی 7ی مانگی رێبەندانەوە هەتا 7ی مانگی بەفرانبار، واتە لە ماوەی یەك مانگدا 11 هاووڵاتیی خەڵكی مەریوان و دەورووبەری كە زۆربەیان چالاكی فەرهەنگی، خوێندكاری و كۆمەڵایەتین، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگە كراون.

ناوی ئەو هاووڵاتییانە بریتییە لە: دانا رۆستەمی خوێندكار، خالید ئەیوازە خوێندكار، ژیار سەلامەتییان خوێندكار ئارام فەرەجی خوێندكار، رزگار شەریفی مامۆستا، موزەفەر شەریفی مامۆستا ، لوقمان مینوویی، سیروان ئەژدەر، ئیبراهیم نیكپەی، مادح نیكپەی و دانا لەنج ئابادی كە پاش ماوەیەك ئازاد كراوە و ئەو 10 كەسەسی دیكە هەر لە زیندان دان.

سەرەڕای پەیجۆر و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو 10 هاووڵاتییە گیراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەكانەوە هیچ زانیارییەك لەمەڕ چارەنووسییان نەدركێنراوە.

هەتا ئێستا هۆكاری گیران و تۆمەتی بەشێك لەو هاووڵاتییانە بە فەرمی رانەگەیەنراوە.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران سەرجەم 34 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوەبە تاوانی جۆراوجۆر دەستبەسەر كراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە، لەوانەیە رێژەی راستەقینەی گیراوەكان لەوەش زیاتر بێت.