لە ماوەی شەش مانگدا 7600 هاووڵاتیی ئێرانی داوای مافی پەنابەرییان كردووە

19:48 - 28 رەزبەر 2711
كوردپا: لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 7600 هاووڵاتیی ئێرانی داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی دەرەوە كردووە.
كومیساریای پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپورتێكدا بڵاوی كردەوە، لە نێوەی یەكەمی ساڵی 1390 دا ژمارەی ئەو كەسانەی كە خوازیاری وەرگرتنی مافی پەنابەری لە وڵاتانی پیشەی جیهاندا بوون، بەپێی ساڵانی رابردوو لە سەدا 17 زیادی كردووە.
لە راپۆرتەكەی كۆمیساریای پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، وڵاتی ئێران لە نێو سەرجەم وڵاتانی دونیادا لەمەڕ هاتنە دەری هاووڵاتیان و خوازیاری وەرگرتنی مافی پەنابەری لە وڵاتانی دیكە، پلەی پێنجەمی هەیە.
لە كۆی گشتی ئەو 7600 هاووڵاتییە نزیك بە سێ‌ هەزار كەسیان داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئورووپایی كردووە.
هەتا ئێستا زیاتر لە 198 هەزار لە هاووڵاتیانی سەرانسەری دونیا، داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرییان لە 44 وڵاتی پێشكەوتوو و پیشەسازی جیهان كردووە.
چاوەروانیی ئەوە دەكرێ‌ ئەو ژمارەیە هەتا كۆتایی ساڵی 1390 بگاتە 420 هەزار كەس.