لە ماوەی ١٧ رۆژدا لە ئێران، ١٠٠ کەس لەسێدارە دراون

15:34 - 17 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکەگرتووەکان، رەوتی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا رووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا لە ماوەی ١٧ رۆژدا (١ی رەشەمە هەتا ١٧ی رەشەمە) ٩٥ کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەکوو بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، دەستدرێژی، کوشتن و هۆکاری مەزهەبییەوە لە نێو زیندانەکان و هەروەها لەبەرچاوی خەڵکی ئێراندا لەسێدارە دراون.

سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەمە، ٩ کەس لە زیندانی قزلحەساری کەرەج بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دران.

هەر لە هەمان رۆژدا(رۆژی شەممە) ، ٥ کەسی دیکە لە زیندانەکانی شیراز، زابول و ئێرانشار بە تۆمەتی بارزگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون و ٦ کەسی دیکەش لە زیندانی کرمان، بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی لە ئێران بڵاوی کردەوە، لەماوەی رۆژانی ١١ هەتا ١٣ی رەشەمەدا ٦٠ کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون، بەڵام بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەو ماوەیەدا ٢٧ کەس لەو وڵاتی ئێراندا حوکمی لەسێدارە درانیان بەڕێوە چووە.

\"25252.jpg\"
حامید ئەحمەدی، جەمشید دێهقانی، جهانگیر دێهقانی، کەماڵ مەلایی، هادی حوسێنی و سەدیق محەمەدی ئەو ٦ زیندانییە مەزهەبییە کوردە کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج حوکمی لەسێدارەدانەکەیان بەڕێوە چووە
رێکەوتی ١٣ی رەشەممە، ٦ زیندانیی مەزهەبیی کورد، پاش ٦ سال دەستبەسەری، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەسێدارە دران.

بیست و هەشتەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکەوتی ١١ی رەشەمەی ئەمساڵ لە شاری ژنێڤ دەستی پێکردووەو هەتا رێکەوتی ٧ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لەو دانیشتنەدا، بڕیارنامەیەک دەخرێتەڕوو، کە ئامانج لەو بڕیارنامەیە درێژکردنەوەی ماوەی مەئموورییەتی ئەحمەد شەهید راپۆرتیری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی کاروباری مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە.