لە سنە منداڵێکی کار گیانی لەدەست دا

15:11 - 23 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە کارگەکانی شاری سنە کرێکارێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە هۆی بەرق گرتوویەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر مێرمنداڵێک بە ناوی فەرید وەهابی کوڕی فارس لە کارگەیەکی شیریندا و لە کاتی کارکردندا بە تەزووی کارەباوە کۆتایی بە ژیانی هاتووە.

ئەو مێرمنداڵە خەڵکی ئاوایی \"تەنگی سەر\"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بووە و ماوەی دوو ساڵ دەبوو کە لەو کارگەیە سەرقاڵی کرێکاریی بوو.

\"28645.jpg\"
فەرید وەهابی تەمەن ١٧ ساڵ
دەوترێت کە ئەو منداڵەی کارە بە هۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەبای کولێر گیانی لەدەست داوە.

لە ئێران تەواوی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٠ ساڵ زیاترە بە منداڵانی کار دێنە ئەژمار و ژمارەشیان هێڵی سووی تێپەڕاندووە.

ماوەیەک لەمەوبەر موجتەبا ئەحیایی کارناسی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندبوو ، تەنیا لە \"ناحیە\"‌ی ٢‌ی شاری سنە زیاتر لە 8هەزار نەخوێندەوار بوونی هەیە و بەشێک لەو نەخوێندەوارانە منداڵانی کارن.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری حکوومەتی ئیسلامی ئێران، لەو وڵاتەدا ٢ ملیۆن و ٢٥٧ هەزار و ١٩٤ کەس(منداڵی کار) هەیە، لە لایەکی دیکەوە \"یەحیا واحیدی\" چالاكی مافی منداڵان باوەڕی وایە لەئێران نزیک بە ٧ ملیۆن منداڵی كار بوونی هەیە كە تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵدایە.
لەپێناسەی منداڵانی كاردا هاتووە:\" كاری منداڵ چالاكییەكی ئابوورییە كە لەرێگەی ئەو كارەوە منداڵ دەخرێتە ژێر ئازاری جەستەیی، روحی و رەوانی و ئەو كەسەیە كە لەخوێندنیش بەجێ‌دەمێنێ‌\".