لە ساڵی رابردوودا لەهەر رۆژێکدا ١١ تووشبوو بە مادەی سڕکەر لە ئیران گیانیان لەدەست داوە

15:27 - 15 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ئاماری پزیشک یاسایی لە ساڵی١٣٩١ی هەتاوییدا چوار هەزار هاووڵاتی تووشبوو بە مادەسڕكەرەكان لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.


بەپێی ئەو ئامارە بە شێوەی نێونجی لە هەر رۆژێکدا١١موعتاد لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.

هەرلەو پێوەندییەدا محەممەد عەلی جەعفەر نژاد كارناسی بواری مادە سڕكەرەكان بە هەواڵدەریی \"مهر\"ی راگەیاندبوو، بەكارهێنانى مادەی شیشە بە شێوەیەكی بەرچاو لە ئێران رووی لە زیاد بوون كردووە و هەتا دوو ساڵی دیكە نزیك بە ٨٠% لە بەكارهێنەرانی ئەو مادەیيە دەبنە قوربانیی.

جەعفەر نژاد ئاشكراشی كردبوو، لەسەرەتادا نرخی یەک کیلۆ مادەی شیشە ٨٠ میلیۆن تمەن بوو كە چی ئێستا نرخی ئەو مادەیە لە وڵاتی ئێران ٢ میلیۆن تمەنە.

كوردستانی ئێرانیش لەو قەیرانە بێبەش نەبووە و لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ١٦٩ كەس بە هۆی ئیعتیادەوە گیانیان لەدەست داوە.