لە بانە بە گوڵ و کتێب فەرهەنگ سازی دەکرێت

15:09 - 1 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: خاوەنی دوکانێکی گوڵ فرۆشی لە شاری بانە کتێبی ئەو خوێندکارانەیکە زانکۆ تەواو دەکەن، بێ بەرامبەر دەداتە ئەو خوێندکارانەی کە تازە پێ دەنە ناو زانکۆوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو هەوڵە بێ وێنە و سرنجڕاکێشەی دووکانی \"نێرگزجار\"ی شاری بانە لە گەڵ پێشوازی گەرمی چالاکانی مەدەنی بەرەوڕوو بووەتەوە.

بە وتەی خاوەن دووکانەکە، لەو شوێنە کتێب و نموونەی پرسیاری تاقیکارییەکانی زانکۆ بە مەبەستی یارمەتیدان بەخوێندکاران دەدرێت.

\"28698.jpg\"
گوڵ فرۆشی نێرگزجار لە بانە
هیوا کەریمی لە وتووێژێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا وتی: لە حاڵی حازردا بە هۆی گرانی‌سەرسووڕهێنەری بازاڕی کتێب و کتێبەکانی زانکۆ، ئەو هەوڵە دەستی پێکردووە و زیاتریش لایەنی فەرهەنگسازی پێوە دیارە.

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کردووە، لە چەند حەفتەی رابردوودا بە کردەوە کاری ئاڵوگۆڕی کتێبەکانمان دەستپێکردوە و هێواداراین ئەم کارەی ئێمە یارمەتییەک بێت لە راستای فەرهەنگ سازی شاری بانە و خەڵکی کوردستان.
ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەی وتووێژەکەیدا باسی ئەوەشی کرد، دووکانەکەیان لە سێ ساڵ پێش ئێستاوە خەریکی چاندنی گوڵ بوو و ئەمە یەکەم گوڵ‌فرۆشیە لە کوردستان کە هەوڵێکی لەو چەشنە دەدات.

بە وتەی هیوا کەریمی گۆڕینەوەی کتێب، بەبێ وەرگرتنی پارە و رادەستکردنی کتێب بە خوێندکاران لە گوڵفرۆشییەدا ئەنجام دەدرێت.

یەکێک لەو خوێندکارانەی کە کتێبی وەرگرتووە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، کە کتێبی دانسقە و دەگمەنی لەو گوڵ فرۆشیە کرێوە بەبی ئەوەی هیچ پارەیەک بەو گوڵفرۆشیە بدات.

خاوەنی گوڵ فرۆشی نێرگزجار لە وڵامی ئەو پرسیارە کە ئایا هیچ بەربەستێک لە گۆڕینەوەی کتێبەکان بوونی هەیە وتی: لە حاڵی حازردا کتێبەکان تایبەت بە زانکۆی پەیام نووری بانەن و لە درێژەی ئەو رەوتەدا بێگومان بیاڤی چالاکیەکانمان بەرفراوان دەبێتەوە.

هیوا لە کۆتای وتووێژەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، وتی: بە باوەڕی من کتێب و گوڵ هێمای هاورێیەتی و خۆشەویستییە کە کەسیک گوڵی خوشبوێت بە دڵنیاییەوە کتێبیشی خۆش دەوێت و بە پێچەوانەکەشییەوە.

\"28697.jpg\"