لێپێچینەوە لە نزیکەی ٥٠٠٠ پەروەندەی داگیر کردنی زەوی لە لایەن ئاغازادەکانەوە دەکرێت

20:19 - 7 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: لێپێچینەوە لە نزیکەی ٥٠٠٠ پەروەندە سەبارەت بە تاوانکاری لە لایەن ئاغازادەکانەوە دەکرێت کە بەشێکیان حوکمیان لەسەر دراوە و بەشێکیشیان لە ناوەندە دادوەرییەکاندا سەرگەردانن.

سەید مەهدی مووسەوی نژاد، نوێنەری دەشستانی بووشێهر لە مەجلیسی شورای ئیسلامی، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم بابەتە دەڵێت: \"ڕێژەی ئەو زەوییانەی لە لایەن ئاغازادەکانەوە داگیر کراوە، لە ٢٠ هێکتارەوە گەیشتۆتە ٢٠٠ هێکتار\".

ئەم نوێنەرەی مەجلیس گوتی: لە شارۆچکەی دەشتستان نزیکەی ٢٠٠ هێکتار زەوی پاش داگیر کردن تاپۆ کراوە و تەنانەت فرۆشراویشە.

ناوبراو گوتیشی: بەداخەوە هەندێ لە پارێزەرەکان هاوکاریی داگیرکەرانی زەوییەکان دەکەن کە پێدەچێ بە هۆی ترسیانەوە بێت لە پارێزراوەکانیان(موکل)، چوونکە پارێزراوەکانیان منداڵی بەرپرسان و کاربەدەستانی ناوچە ئازادەکانن کە بە هۆی ئیش و کاری باوکیانەوە و وەرگرتنی ڕانتە ئیتلاعاتییەکان دەستیان داوەتە داگیر کردنی زەوی و زار و تەنانەت زەریاش.

محەممەد عەلی پوورمۆختار، بەرپرسی کۆمیسیۆنی مادەی ٩٠ی مەجلیسی شورای ئیسلامی لەو پەیوەندییەدا گوتی: \"خودی بەڕێوەبەران و بەرپرسان لەو ناوچانەدا کە زەوییەکانی داگیر کراون، خاوەنی زەوی و ڤێلان\".

ناوبراو گوتیشی: هەندێ جاریش بینراوە کە بە نێوی سازکردنی ئیمامزادە و بە نییەتی داگیر کردنی زەوییەکان و سەرچاوە سروشتییەکانی ئاقاری تاران زەوییەکانی داگیر دەکرێت و خاڵی جێی سەرنجی ئەوەیە کە ئەم کردەوانە بە ئاگاداریی ئەوقاف ئەنجام دەدرێن.

لە هەواڵێکی دیکەشدا لە پێوەندی لەگەڵ گەندەڵیی ئابووریی بەرفراوانی ناوخۆی حکوومەتی ئێران، هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری ناسر سیڕاج، بەرپرسی ڕێکخراوی چاوەدێریی گشتیی وڵاتەوە ڕایگەیاند؛ کەسێک ١٦٠ میلیارد تمەن پارەی نەوتی دزیوە و ڕایکردووە بۆ وڵاتی کانادا.

لە هەواڵێکی هاوشێوەدا، پێشتریش بابەک زەنجانی سەرمایەدار و بازرگانی بەناوبانگ بەوە تاوانبار کرابوو کە نەوتی ئێرانی فرۆشتووە، بەڵام دوو میلیارد و ٨٠٠ هەزار یۆرۆ لە پارەی فرۆشی نەوتەکەی نەداوەتەوە بە وەزارەتی نەوت.