لێبووردنی نێونەتەویی سەبارت بە ئێعدامی مێرمنداڵێکی کورد هۆشداری دا

21:47 - 7 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەویی، لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری ڕاگرتنی بەڕێوەچوونی ئێعدامی مێرمنداڵێک لە گرتووخانەی سنەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‏شەممەی ڕابردوو، لێبووردنی نێونەتەویی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کردەوەی بەپەلە بۆ لەسێدارەدانی کوتوپڕی هێمن ئەورامی‏نەژاد لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە، هوشداری دا.

ئەو ڕێکخراوەیە بە \"نادادپەروەرانە\" زانینی دادگایی ئەو گەنجە کوردە کە بە بێ بەشداریی پارێزەر بەڕێوە چووە، وێڕای ئاماژە بە شیمانەی دانپێدانانی ناوبراو بە کوشتنی پۆلیسێک، لەژێر کاریگەریی ئەشکنجەدا، خوازیاری ڕاگرتنی حوکمی ئێعدامەکەیەتی.

ئەو گەنجە ساڵی ١٣٩٠ لە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵی‏دا، دەستبەسەر و پاشان زیندانی کراوە.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: \"لاوێکی ئێرانی بە ناوی هێمن ئەورامی‏نەژاد چاوەڕێی ئێعدامە، بە تاوانێک کە لە کاتی منداڵی‏دا تێوەی‏گلاوە. دەوترێت ناوبراو لە دوای پشووی سێزدە بەدەر لەسێدارە دەدرێت\".

پێشتر ئاژانسی کوردپا لە هەواڵێکدا بڵاوی‏کردەوە کە گەشەی مێشکی( کمال عقلی) هێمن ئەورامی‏نەژاد لە لایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە پەسند کراوە و دۆسیەکەی بۆ \"ئامولیی لاریجانی\" نێردراوە.

لە هاوالێکێ هاوشێوەدا،ناوی سێ کەسی دیکەش لە زیندانی سنە ئاشکرا کراوە کە تەمەنیان لە ژێر ١٨ساڵەوەیە و مەترسیی ئێعدام کردنیان لەسەرە.
شوناسی ئەو چوارمنداڵە کوردە، \"یووسف محەممەدی\"، \"هێمن هەورامی نژاد\"، \"سیاوەش مەحموودی\" و \"ئامانج حوسێنی\"، ڕاگەیەندراوە.
ئێران، عەربستان سعوودی، پاکستان و سوودان، تەنیا وڵاتگەڵێکن کە منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ساڵ بە ئیعدام مەحکووم دەکەن.

لینکی پێوەندیدار:
منداڵێکی تەمەن ژێر ١٨ساڵ حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچوو