قەیرانی کۆرۆنا لە ورمێ و گیانلەدەستدانی ٣١ هاووڵاتی

11:07 - 6 رەزبەر 2721

ئاماری گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی تووشبوو بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە پارێزگای ورمێ ڕێکۆردی شکاند و لە ٢٤ کاتژمێری ڕابروودا گەیشتە ٣١ کەس.

بەرپرسی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگاری ورمێ ڕایگەیاند: "هەتا ئێستا زیاتر لە ١ ملیۆن و ٨٩٨ هەزار و ١٢١ کەس لەو پارێزگایە پێکوتەیان وەشاندووە و ئاماری قوربانییانی کۆرۆناشی ٣١ کەس ڕاگەیاند".

لەلایەکی دیکەوە ناوەندی ئاماری پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئاماری گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی تووشبوو بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی ٢٨٨ کەس ڕاگەیاندووە.

بەپێی بەراوردی ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، پارێزگای ورمێ لە گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران، پشکی ٩ لەسەدیی بەردەکەوێت و ئەمەش نیشانەی نالەباربوونی دۆخی ئەو پاریزگایەیە.

هەروەها بەپێی ئامارێکی شیکاری کە "بی‌بی‌سیی فارسی" بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتی گشتگیربوونی کۆرۆنا لە ئێران لە زستانی ساڵی ٩٨ هەتا کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ١٤٠٠، ٢٥٧ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ئێران زیادی کردووە و ئەو ئامارە نیشان دەدات کە تێچووی مرۆیی لە ئێران زیاتر لە دوو بەرابەری ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییانی کۆرۆنا بووە.