قەسری شیرین/ هەڕەشە لە بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کوژراو دەکرێت

15:11 - 26 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەیەکی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان بە هۆی هەڕەشەی بەرپرسانی فەرمانداریی قەسری شیرین، بێدەنگییان لە کوژرانی کوڕەکەیان کردووە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەدوادا چوونی بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کوژراو بە ناوی سەعید جەماڵی ٢١ ساڵ لە لایەن جێگری سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی فەرمانداری قەسری شیرین پێشی پێگیراوە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە بە بنەماڵەی جەماڵی وتووە کە نابێ سکاڵا لە هێزە ئینتیزامییەکان بکەن.

\"29352.jpg\"
سەعید جەماڵی
یەکێک لە خزمانی ئەو کۆڵبەرە کوردە وێڕای پشت راستکردنەوە ئەو هەواڵە بە کوردپای رایگەیاند: بنەماڵەی جەماڵی لە سەرەتای کوژرانی سەعید خوازیاری بەدواداچوونی چۆنیەتی کۆژرانەکە بوونە کە دوارتر لە ژێر گوشار و هەڕەشەی نیعمەتۆڵا نازپەروەردە جێگری سیاسی و کۆمەڵایەتیی فەرمانداری قەسری شیرین لە سکاڵاکەیان پاشگەز بوونەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لە پاڵپشتی خەڵک بۆ سکاڵاکە کردوو و وتی: کۆمەڵی مەدەنی لە قەسری شیرین دەخوازن کە زەخت بخرێتە سەر ناوەندە سیاسی ـ ئەمنییەتیەکان بۆ پێشگرتن لە دووپات بوونەوەی ڕووداوی لەو چەشنەن.

تەقەی ڕاستەوخۆ لە کەسانی سێڤیل لە کوردستانی ئێران بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی و ناوەندە نیزامییەکانیش بە بیانووی پاراستنی سنوور، خۆیان لە هەر چەشنە بەداداچوونێکی یاسایی دەدزنەوە.

سەعید جەماڵی کە وەرزشوانێکی بەناوبانگی ناوچەکەش بوو رۆژی نۆزدەی خەزەڵوەری ٩٤ لە جادەی کەمەربەندی شاری قەسری شیرین لە لایەن هێزە چەکدارەکانی سەربە \"ناجا\" کوژرا.

هەوڵنێری کوردپا دواتر ڕایگەیاند کە ئەو گەنجە بە هۆی دەستکورتی، سەرقاڵی گواستنەوەی گازۆئیڵ بە سەر سنوور بووە کە بێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەخت، درایە بەر دەسترێژی گوللە و گیانی لە دەست دا.