قەسری شیرین/ جووتیارێک بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو

14:41 - 15 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جووتیارێکی کورد لە شاری قەسری شیرین لە کاتێکدا خەریکی کشت و کاڵ بوو لە نێو مووچە و مەزراکەیدا بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو.

شوناسی ئەو جووتیارە کوردە هەتا ئێستا نەزانراوە.

ئەو ڕووداوە لە نیزیک پایگای \"قەڵای سەوز\" لە ناوچەی سنووری خوسرەوەییە ڕوویداوە.

هەنووکە ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە نەخۆشخانە و لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە.

لە پەیوەندیی تەقینەوەیی مینە بە جێماوەکاندا، نزیکەی ١٣٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی، هونەرمەندان و پارێزەرانی قوربانیانی تەقینەوەی مین لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە \"ڕۆژی جیهانی کەمئەندامان\" بۆ سەرکۆماری ئێران، داوای پێڕاگەیشتی بارودۆخی قوربانیانی مینیان کردووە.

لەو نامە سەرئاوەڵایەدا کە بۆ حەسەن ڕۆحانی نووسراوە هاتووە: \"هەتاکوو ئێستا دۆسیەی ئەم قوربانیانە لە کۆمیسیونەکانی ماددەی ٢ لە فەرماندارییەکان و لای پارێزگارەکان ڕاگیراوە و بە داخەوە هیچ هۆکارێکی یاسایی کە بووتە هۆی پێشێڵکردنی مافە شەرعی و یاساییەکانی بریندار بووان بوونی نییە.

هەروەها لەو نامەیەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە، زۆرترین مینەکان لە پارێزگاکانی ورمێ، ئیلام، کرماشان، سنە و خوزستان چێندراون و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا قوربانی بوونی هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە.

زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە پارێزگاکانی ئیلام، سنە، ورمێ، کرماشان و خووزستان بوونی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ هێکتار زەویش لە پارێزگا کوردنشینەکان بە مین ئالوودە کراون.