قەرار بازداشتی برایانی کورد پوور بۆ ١ مانگی دیکە درێژ کرایەوە / خوسرەو کوردپوور مانی لە خواردن گرت

17:33 - 10 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ماوەی دەستبەسەر کردنی برایانی کوردپوور لەلایەن داداگای شاری مەهابادەوە بۆ ١ مانگی دیکە درێژ کرایەوە و هاوکات خوسرەو کوردپوور رۆژنامەنووسی کورد و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی پەروەندەکەی ماوەی ١١ رۆژە دەستی داوەتە مانگرتن.

کەماڵ حوسێنی هەواڵنێری ئاژانسی موکریان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێڕای پشت‌ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئااژانسی کوردپای راگەیاند، دادگای شاری ئینقلابی شاری مەهابادەوە بۆ ١ مانگی دیکە درێژ کردەوە.

ئەو هەواڵنێرەی ئاژانسی موکریان ئەوەشی خستەڕوو، خوسرەو کورد پوور کە لە چاوپێکەوتنی چەند رۆژ پێش ئێستای کە لەگەڵ بنەماڵەکەی بوویەتی، پێی راگەیاندوون،کە لە رۆژی ٣١ی خاکەڵیوەوە مانی لە خواردن گرتووە.

حوسێنی ئەوەشی خستەڕوو کە مەسعوود کوردپووریش رایگەیاندووە کە لەماوەی دەستبەسەر کردنییەوە هەتا رۆژی چاوپێکەوتن تەنانەت چاوی بە بازجوو نەکەوتووە و هیچ لێپرسینەوەیەکی لێنەکراوە.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە ئەوەشی خستەڕوو کە، بەهۆی بەلێنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە سەبارەت بە ئازاد کردنی ئەو ٢ رۆژنامەنووسە کردە، ئەو هەواڵەیان میدیایی نەکردەوە.

کەماڵ حوسێنی ئاماژەی بەوەشدا کە دوابەدوای مانگرتنی خوسرەو کوردپوور، عوسمان موزەیەن پارێزەری ئەو رۆژنامەنووسە سەردانی بازپورسی پەروەندەی ئەو ٢ برایەی کردبوو و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەو مەسەلەیە دەربڕیبوو.

هاوکات عوسمان موزەیەن بە بازپورسی راگەیاندبوو کە ئەگەر ئیزن چاوپێککەوتن بدات، داوا لە خوسرەو کوردپوور دەکات کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت.

رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.

هەتا ئێستاش سەرەڕای بەدواداچوونی پارێزەر و بنەماڵەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو ٢ رۆژنامەنووسە کوردەیان رانەگەیاندووە.