قوتابییەکی مەهابادی پلەی یەکەمی نیگارشیی لە جیهاندا بەدەست هێنا

21:48 - 19 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: قوتابییەکی مەهابادی لە رکابەریی جیهانیی نیگار کێشیدا پلەی یەکەمی لە ئاستی جیهاندا بۆخۆی مسۆگەر کرد.

ماڵپەڕی \" موکریان\" بڵاوی کردەوە، لە میانەی رکابەرییەکانی حەفتەی تەندرووستی کە لە نێوان تەمەنی ٨ بۆ ١٨ ساڵ و لە ژێر دروشمی \"پەستانی خوێن مەترسییە\" بەڕێوەچوو، \"مریەم سەفایی مەنش\" تەمەن ١٤ ساڵ و قوتابیی خەڵکی مەهاباد توانی پلەی یەکەمی نیگارکێشی لە ئاستی جیهاندا بەدەست بێنێت.

بەرنامەکانی حەفتەی تەندروستی رێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە دەستی پێکردووە و چەندین پیشانگای تایبەتیش بەو بۆنەیەوە کراونەتەوە و زانیاری لەسەر مەترسییەکانی پەستانی خوێن بڵاو دەکەنەوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بەناوی \"سۆران سەلیمیان\" لە ئاستی جیهاندا پلەی یەکەمی پڕۆگرامسازی‌ کۆمپیوته‌ری بۆ خۆی مسۆگەر کرد.