قوتابخانەیەکی سەقز پاش ٣ مانگ وەدواکەوتن کرایەوە

21:32 - 24 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: بە هۆکاری \"کەمیی مامۆستا\"، ساڵی خوێندنی ٩٤ ـ ٩٥ لە گوندێکی سەربە شاری سەقز، پاش ٣ مانگ وەدواکەوتن، دەستی پێکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز، لە ڕۆژانی ڕابڕدوودا، بە ناردنی مامۆستایەک بۆ گوندی \"سووتە\"، تەنیا قوتابخانەی ئەو گوندەی کردەوە.

بەرپرسانی پەروەردە لە ئێران، کەمیی مامۆستایان بە هۆکاری وەدەرنگ کەوتنی خوێندنی ساڵ لە \"سووتە\" داناوە.

هەواڵنێری کوردپا بە ناردنی ئەم ڕاپۆڕتە، ڕایگەیاند: \"نەبوونی ڕێگاوبانی بەکەڵک و بێبەشیی ئەو گوندە لە ژێرخانی فێرکاری، مامۆستاکانی لە چوون بۆ ناوچەیەکی لەو چەشنە دوودڵ کردووە\".

لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کە بە هاتنی ئەو مامۆستایە، ١٠ قوتابیی گوندی سووتە، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ مانگ لە دەستپێکی ساڵی خوێندن لە کوردستان و ئێران، چوونە پۆلەکانی خوێندنەوە.

خەرمانانی ئەو ساڵ، بریکاری وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان و لێپرسراوی ناوەندی نێونەتەوەیی و قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات، لە وتووێژێکدا بە هەواڵنێریی \"فارس\"ی گوتبوو کە ٢٩٨ مامۆستا بۆ وانە وتنەوە بە قوتابیانی ئێرانیی دەرەوەی وڵات، دەنێردرێنە هەندەران.

بڵاوبوونەوە هەواڵی وەدرەنگ کەوتنی ناردنی مامۆستا بۆ قوتابخانەی گوندی سووتەی سەقز، لە کاتێکدایە کە بە دەیان جار هەواڵ و وێنەی ئەو قوتابخانانە کە تەنیا یەک قوتابییان هەیە، لە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.

سەرچاوەکانی کوردپا ڕایدەگەیەنن کە یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچ کردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان، نەبوونی سیستمی ڕاهێنان و پەروەردە لەو گوندانەیە و بەرپرسانی دەوڵەتیش سەبارەت بەم دۆخە بێ‏هەڵوێستن.

گوندی سووتە سەربە ناوچەی سەرشیوی سەقزە و ٢٥ بنەماڵە بە حەشیمەتی ١٥٠ کەسی تێدا دەژین.