قانیعی فەرد لەکتێبێکدا حکوومەتی ئێران بەقوربانیی دەستی تیرۆر ناو دەبات

16:18 - 29 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: عێرفان قانعی فەرد کە خاوەنی بڕوانامەی مێژووناسییە، لەدووتۆیی کتێبێکدا باسی لەئۆپۆزیسیۆنی کوردی نەیاری حکوومەتی ئێران کردووە و هاوکاتیش ئەو حکوومەتەی بە قوربانیی دەستی تیرۆر لەقەڵەم داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، \" توێژینەوەیەک لەسەر تۆڕە تیرۆریستییەکانی دژی ئێران\" ناوی تازەترین بەرهەمی عێرفان قانعی فەردە کە تێیدا باسی لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی بە تایبەت حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە کردووە.

لەکتێبی\" توێژینەوەیەک لەسەر تۆڕە تیرۆریستییەکانی دژی ئێران\" لە دیباچەی مێژووییەوە باس لەهاوکاریی کردنی دوولایەنەی حیزب و گرووپە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئافریقا، تورکیە و عەرەبستان کراوە.

قانعی فەرد کە لەلایەن حیزبەکانی کوردی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە چەواشەکاری مێژوو لەبەرژەوەندی حکومەتی ئێراندا ناسراوە، بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەی وتووە،\" لەو کتێبەدا باسم لە پێش شۆڕشی ئێران و پاش ئەو شۆرشە کردووە و تەنانەت ئەوەشم خستووەتەڕوو کە هیندێ وڵات بە دژی ئێران راهێنان و مەشقی نیزامییان بە گرووپە چەکدارەکان کردووە\".

ئەو نووسەرە کە لەچەندین بەرنامەی تەلەویزیونیدا لەلایەن چالاکانی سیاسییەوە بە\" جاش قەڵەم\"یش وەسف کراوە دەڵێ: حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لەشەڕی ٨ ساڵەدا پشتیان بە سەدام حوسێن بەست و دواتریش هاوکاریی پتەویان لەگەڵ ئیسرائیل و عەرەبستان هەبوو.

لەدووتۆیی کتێبەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە پاش رووخانی سەدام حوسێن زیاتر رەوتی \" مافی مرۆڤ و ئازادیخوازیان\" گرتووەتە بەر و دەیانهەوێ ئێران بە تیرۆریست لەقەڵەم بدەن، لەحاڵێکدا کە ئەو حکوومەتە بۆ خۆی قوربانی دەستی تیرۆرە.

عێرفان قانعی فەرد باسی لەوەش کردووە، لەحاڵی حازردا ئەو دوو حیزبە لەرێگەی بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و کۆر و کۆبوونەوە دەیانهەوێ ناوچە سنوورییەکان تووشی شلەژان بکەن.

ئەو مێژووناسە لەلیداوانەکەیدا داوا لەناوەندە پێوەندیدارەکانی ئێران دەکات کە ئیمکاناتی زیاتر بخەنە خزمەتی کە توێژینەوەی زیاتر لەو بوارانەدا ئەنجام بدات و ئاشکراشی کردووە کە پێویستە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ \" جیایی خوازان\" پارێزگاریی لە بەرد بە بەردی ئێران بکرێت.

عێرفان قانعی فەرد لەدایک بووی ساڵی ١٣٥٥ی شاری سنەیە و هەتا ئێستا چەندین نووسراوە و کتێبی لەسەر مێژووی هاوچەرخی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و لە لێدوانە رۆژنامەوانی و میدیاییەکانیدا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی کورد.

ئەو نووسەرە لەو باوەڕەدایە کە رێڕەوی مێژوو راستییەکان بۆ ئێمە دەردەخات و پێویستە مێژوو سەر لەنوی بنووسرێتەوە و بە وتەی خۆی ئەو کەسێکی سەربەخۆیە و راستییەکان باس دەکات.

لە هەمبەردا چالاکانی سیاسی کورد، بەشێک لەئەندامەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی نەیاری حکوومەتی ئێران و عەلی عەونی ئەندامی سەرکرادیەتی پارتی دێمۆکراتی کوردستان(عێراق) لە وڵامدانەوە بەو لێداوانەکانی قانعی فەرد لە بەرنامەیەکی تەلەویزیونی تیشک تی ڤی لەژێر ناوی \"نیشتمان فرۆشەکان\" بە \"جاش قەڵەم\"، \"چەواشەکاری مێژووی کورد\" و \"پیاوی بەکرێگیراوی ئیتلاعات\"ی لەقەڵەمیان دابوو.

ئەو چالاکە سیاسیانە باوەڕیان وایە کە سەردانەکانی قانعی فەرد بۆ دەرەوەی وڵات و دەستپێڕاگەیشتنی بە بەڵگە مێژوویی و زۆر جار نهێنییەکانی ئەمریکا و بریتانیا کاری هەموو کەس نیە و تێچوویەکەشی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێرانەوە دەدرێت.

ئەو نووسەرە هەتا ئێستا توانیویەتی لەگەڵ چەندین کەسایەتی کورد و رێبەری حیزبە سیاسییەکان چاوپێکەوتنی هەبێت.

بابەت و نووسراوەکانی عێرفان قانعی فەرد بە زۆری لەماڵپەڕ و سایتەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بڵاو دەبێتەوە.