فەرماندەی سپای قودس بە 15 هەزار هێزەوە لە وڵاتی سووریە دایە

14:00 - 18 رێبەندان 2711
كوردپا: ئەندامێكی شۆرای میللیی سووریە رایگەیاند، قاسم سولێمانی بەرپرسی سپای قودسی حكوومەتیی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی سەركوتی ناڕازییانی سووریە، چۆتە ئەو وڵاتە.

ماڵپەڕی \"برای عدالت\" بڵاوی كردەوە، قاسم سولێمانی لە حاڵی حازردا لە وڵاتی سووریە دایە و تەرحی سەركوتی نارازییان دادەڕێژێ‌.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، هاوكات 15 هەزاری هێزی سەركوتكەر لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە براوەتە وڵاتی سووریە و بەشێكی برچاو لەو هێزانە سەر بە حێزبوڵڵای لوبنانن.

پێشتریش ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بڵاوی كردبووە، حێزبوڵڵای لوبنان بە مەبەستی پاراستنی بنكە و بارەگا نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی تاران لە سووریە چۆتە شارەكی \"مەزایا\" لەو وڵاتەدا.

ئەو بنكە نیزامییەی ئێران هەڵكەوتوو لە شارەكی مەزایا لە \"الزبدانی\"وڵاتی سووریەیە.

ئەمە لەحاڵێك دایە كە حكوومەتی ئێران بە بەردەوامی رایگەیاندووە كە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی سووریەدا ناكات.

پێشتریش ناڕازیانی حكوومەتی سووریە ئاشكریان كردبوو كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی سەركوتی نارازِییان، چەك و چۆڵ رەوانەی ئەو وڵاتە دەكات.