فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بۆردومانی بنکەکانی \"پ.ک.ک\"یان کرد

15:14 - 22 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بۆ یەکەمجار لە پاش دەستپێکی قۆناغی چارەسەریی نێوان حیزبی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک) و دەوڵەتی تورکیا، ژمارەیەک بنکەی حیزبی کرێکارانی کوردستانیان بۆردومان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی رەزبەر، بنکەکانی حیزبی کرێکارانی کوردستان لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان کراو ستادی هاوبەشی ئەرتەشی تورکیا، لە وتوێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی حوڕییەت، ئەو هێرشانەی بۆ وڵامدانەوەی هێرشی هێزەکانی (پ‌ک‌ک) لەقەڵەم داوە.

ماڵپەڕی حوڕییەتی تورکیا بڵاوی کردۆتەوە، شەوی رابردوو فڕۆکە شەڕکەرەکانی دەوڵەتی تورکیا چەند بنکەیەکی حیزبی کرێکارانی کوردستانیان بۆردومان کردووەو زیانی بەرچاویان پێ گەیاندوون.

\"22667.jpg\"
جەمیل بایک رێبەری پ.ک.ک باسی لەشۆڕشێکی نوێی کوردی لەتورکیە کردبوو
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستۆتەروو، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا هێزەکانی حیزبی کرێکارانی کوردستان هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی پۆلیس لە ناوچەی داهلیجا و بەو هۆیەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، شەوی رابردوو بۆردومانی بنکەی حیزبی کرێکارانی کوردستانیان کردووە.

سەرچاوەکە نووسویەتی، هێرشی فرۆکەکان بۆسەر بنکەی حیزبی کرێکارانی کوردستان بە ئاگاداریی ئەحمەد دادود ئۆغلوو، سەرۆک وەزیرانی وڵاتی تورکیا ئەنجام دراوە.

پێشتر پایەبەرزترین لێپرسراوی حیزبی کرێکارانی کوردستان لە وتوێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاڵمانیی (ئای.ئاڕ.دی) لەمەڕ خۆبواردنی دەوڵەتی تورکیا لە کێشە و ئاڵوگۆرەکانی کۆبانی هەڕەشەی کردبوو.

جەمیل باییک رایگەیاندبوو؛ \"هەموو هێزەکانمان لە تورکیاوە کێشابوویە دەرەوە، بەڵام سەرجەمی هێزەکانمان گەڕاندەوە، چونکە سیاسەتەکانی ئانکارا بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک درێژەیان هەبوو\".

هەروەها عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا لە زیندانی ئیمرالییەوە سەبارەت بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا هۆشداریی ئەوەی دابوو، کە دەوڵەتی تورکیا هەتا رێکەوتی ١٥ی ئۆکتۆبر (بەیانی) دەبێ کۆبانی رزگار بکات.