فڕۆکەیەکی دیکەی اف ٥ی ئەرتەشی ئێران کەوتە خوارەوە

20:51 - 8 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: دووەمین فڕۆکەی جەنگیی ئەرتەشی ئێران کە سەربە پایەگای چوارەمی هەوایی شاری \"دزفوول\"ی ئوستانی خوزستان بوو، کەوتنە خوارەوە.

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٨ی بانەمەڕ و لەماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژی رابردوودا دووەمین فڕۆکەی شەڕکەری ئەرتەشی ئێران لە زەویەکانی ناوچەی \"چەم گوڵک\"ی سەربە شاری ئەندیمشک کەوتە خوارەوە.

هەواڵدەریی \"دنا ٢٤\" بلاوی کردەوە، فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیە لەو رووداوە رزگاری بووە، بەڵام هۆکاری کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیەی رانەگەیاندووە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی بانەمەڕ فڕۆکەیەکی جۆری \"f5\"، خۆی بە چیای \"فیلمان\"ی شاری ئابداناندا کێشاو و لە ئەنجامدا هەر ٢ فڕۆکەوانەکەی بوونە قوربانیی.

فڕۆکەی\" f5\" فڕۆکەیەکی شەڕکەری دروست کراوی شیرکەتی \"نۆرتروپ\"ی وڵاتی ئامریکایە و دەوڵەتی حەمە رەزا شا لە نێوان ساڵەکانی ١٣٤٣ هەتا ١٣٥٥ رێژەیەکی بەرچاوی لەو فڕۆکانەی کڕیبوو.