فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێران لە ئیلام کەوتە خوارەوە و هەر ٢ فڕۆکەوانەکەی کوژران

15:24 - 1 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: فرۆکەیەکی جەنگیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری \"ئابدانان\"ی سەربە ئوستانی ئیلام کەوتە خوارەوە و هەر ٢ فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەست دا.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری \"موراد ناسری\" فەرمانداری شاری \"ئابدانان\"ـەوە بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ یەکشممە رێکەوتی ١ی بانەمەڕ فڕۆکەیەکی جۆری \"f5\"، خۆی بە چیای \"فیلمان\"ی شاری ئابداناندا کێشاوە و لە ئەنجامدا هەر ٢ فڕۆکەوانەکەی بوونەتە قوربانی.

فەرمانداری شاری ئابدانان باسی لەوەش کردووە، ئەو فڕۆکەیە سەربە پایەگای چوارەمی هەوایی ئەرسەش لە شاری \"دزفوول\"ی سەربە ئوستانی خوزستان بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە ئاشکرا نەبووە و هێزە ئەمنییەکان رەوانەی ئەو ناوچەیە کراون.

فڕۆکەی\" f5\" فڕۆکەیەکی شەڕکەری دروست کراوی شیرکەتی \"نۆرتروپ\"ی وڵاتی ئامریکایە.
وڵاتی ئێران لە نێوان ساڵەکانی ١٣٤٣ هەتا ١٣٥٥ رێژەیەکی بەرچاوی لەو فڕۆکانەی کڕیبوو.