فستیڤاڵی فیلمی کوردی و پێشبڕکێی یەڵماز گۆنەی لە لەندەن بەڕێوە دەچێت

13:58 - 23 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ‌هەشتەمین خولی فستیڤاڵی فیلمی کوردی و پێشبڕکێی \"یەڵماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم\" بە بەشداری بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی لە شاری \"لەندەن\"ی وڵاتی بریتانیا بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی بەشی راگەیاندنی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی، ئەو فستیڤاڵە لە سێ بەشی فیلمی بڵندی سینەمایی، فیلمی دیكۆمێنتی، ئەنیمەیشن و كورتە فیلم، بە ناوەرۆكی چیرۆكی و دیكۆمێنتی لە رۆژانی ١٥ هەتا ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ لە سینەمای \"پیكچەرهاوس\" لە ناوچەی هەكنی لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

سینەماکاران و دەر‌هێنەران دەتوانن هەتا رێکەوتی ٣١/٧/٢٠١٣ بەرهەمە سینەماییەکانی خۆیان بۆ بەشداری کردن لە فستیڤاڵەکەدا رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی و دەبیرخانەی فستیڤاڵ بکەن.

هەروەها پێشبڕكێی \"یەڵماز گۆننەی بۆ كورتە فیلم\" لە لایەن فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەنەوە، بۆ یاد و بیرئانینی دەرهێنەری گەورەی كورد یەڵماز گۆنەی، سازدراوە.

بەڕێوەبەرانی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لەندەن و چوارەمین خولی پێشبڕكێی \"یەڵماز گۆننەی بۆ كورتە فیلم\" داوایان لە هەموو دەرهێنەرە كوردەكان و هەروەها بە گشتیی دەرهێنەرانی سەرتاسەری جیهان کردووە كە ئەگەر فیلمکانیان پەیوەندی بە كوردەوە هەیە و ناوەرۆكەكەیان سەبارەت بە كورد و كوردستانە، رەوانەی دەبیرخانەی فستیڤاڵ بکەن.