عەلی موتەهەری: نابێ کچان و کوڕان بڕۆنە شاخ و پێبکەنن

21:15 - 17 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: عەلی موتەهەری، یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی، وێڕای ڕخنەی توند لە پێوەندیی ئاسایی نێوان کوڕان و کچان لە زانکۆ و هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا، دەڵێ : \"ئەگەر بیانهەوی لەگەڵ یەکتر هاودەم و نزیک بن، دەبێ ببنە محەرەمی یەکتر\".

بەپێی ڕاپۆرتێکی \"خبر آنلاین\"، ئەو نوێنەرەی مەجلیس کە لە نێو خوێندکاراندا قسەی دەکرد، گوتی: \"لە خاڵە لاوازەکانی توێژی خوێندکار ئەوەیە کە هەستیان زاڵە بەسەر ئاوەزیاندا، چوونکە قۆناغی لاوێتی قۆناغی شەهوەت و توڕەییە\".

ناوبراو وێڕای دەربڕینی پەرۆشیی خۆی بەنیسبەت دۆخی جلی ژنان و پیاوان لەکۆمەڵگادا، گوتی: \"ئێمە ناتوانین بڵێین ورووژاندنی غەریزە لە کۆمەڵگادا ئازاد بێ و لە لایەکی دیکەوە ئیرزای غەریزە قەدەغە بکرێت. ئەگەر وا نەبێ دەبێ کابارەکان ئاوەدان بکەینەوە\".

موتەهەری هەروەها وێڕای ڕەخنەگرتن لە پەیوەندیی ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگەی ئێرانی‏دا، گوتی : \"هەر پەیوەندییەک دەبێ لەچوارچێوەی هاوسەرگیریی کاتی(سیغە) یان هەمیشەیی‏دا بێت. ئێمە پەیوەندییەکمان نییە کە کوڕ و کچ بیانهەوێ بە ئاسانی لەگەڵ یەکتر نزیک و پەیوەندیی سۆزدارییان هەبێت. ئەوەی کە لەگەڵ یەکتر بڕۆین بۆ شاخ و بڵێین و پێبکەنین، خۆ نابێت. ژن و پیاو، کچ و کوڕ، ئەگەر بیانهەوێ لە گەڵ یەکتر نزیک و هاودەم بن، دەبێ محەڕەمی یەکتر بن\".

هەبوونی ڕوانگەی ڕەگەزی بە نیسبەت پەیوەندیی ژنان و پیاوان بەتایبەت ڕوانینی کاڵائاسا بە ژنان وکچان، لە تایبەتمەندییەکانی ڕوانگەی ئیدئۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە کە سیاسەتگەلی وەکوو بەرتەسک کردنەوی ئازادیی ژنان لە کۆمەلگادا و سەپاندنی جلی فەرمی، لە ژێر ناوی \" حجاب برتر\" بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی مەسەلەی بێ بنەمای \"بێ حیجابی\" لە ئاکامەکانیەتی.