عەزیمە ناسری چارەنووسی ناڕوونە

17:54 - 14 رێبەندان 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەزیمە ناسری"، خەڵکی بۆکان، پاش ٢٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، چارەنووسی ناڕوونە.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو هاووڵاتییە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "عەزیمە ناسری، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا چەند جار پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و قسەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی ئەحواڵپرسیدا بووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو هاووڵاتییە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو: "سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی عەزیمە ناسری بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و هەروەها تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ناوبراو خۆ دەبوێرن".

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، عەزیمە ناسری بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.